مامۆستای دێرین و چالاکوانی مافەکانی ژنان عایشە حەکیم، لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشیەوە لە سلێمانی کۆچی دواییکرد و سبەینێ یەکەم ڕۆژی پرسەکەیەتی.
چوارشەممە، ٢٩ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، عایشە حەکیم مامۆستای دێرین و چالاکوانی مافەکانی ژنان لە شاری سلێمانی بە هۆی نە خۆشیەوە کۆچی دواییکرد، و لە گۆڕستانی دەباشان بە خاکسپێردرا، سەیوان ڕۆستەم هاوڕێی عایشە حەکیم بە سپی میدیای ڕاگەیاند " مانگێک بەر لە ئێستا ست عایشە نەشتەرگەری ئەژنۆی بۆ کراوە و لە دوای مانگێک مانەوە لە نەخۆشخانە و بە هۆی نەخۆشیەکەیەوە گیانی لە دەستداوە، هەتا بەر لە نەشتەرگەریەکەی بەردەوام بوە لە کار و چالاکیەکانی لەگەڵ یەکێتی ژنانی کوردستان و خۆنەویستانە خزمەتی کردوە".
عایشە حەکیم محەمەد لە ساڵی ١٩٤٨ لە گەڕەکی کانی ئاسکانی سلێمانی لە دایکبوە، لە ساڵی ١٩٦١ و لە قۆناغی ناوەندیدا ئاشنای کاری ڕێکخراوەی بوە و لە ڕێگەی حزبی شیوعیەوە کاری ڕێکخستنی کردوە، دوای تەواوکردنی خوێندن، دەبێت بە مامۆستا و لە چەند قوتابخانەیەک وانەی وتوەتەوە، لە ساڵی ١٩٨٣ بە هۆی ئەوەی ئیمزای بەعسی نەکردوە لە کاتێکدا بەڕێوبەر بوە پلەکەی بوەتەوە بە مامۆستا، لە ساڵی ١٩٩٤وە لەگەڵ یەکێتی ژنانی کوردستاندا چەند بەرپرسیارێتیەکی هەبوە و بێ دابڕان خزمەتی پرسەکانی پەیوەست بە ژنان و کۆمەڵگەی کردوە.