قایمقامیەتی دەربەندیخان ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی دەربارەی ڕۆنە ڕەشەکە ئاشکرا کرد و ڕاشیگەیاند نەگەیشتووەتە دەریاچەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، قائیمقامیەتی دەربەندیخان ڕایگەیاند" دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بوونی ماددەی ڕۆنی ڕەش لە چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی، بەتایبەتی لە گوندەکانی میرەدێ و چنارە، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان دەستبەجێ لیژنەیەکی لەلایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپارد و ناردنییە شوێنی ڕووداوەکە بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی مەیدانی و بەدواداچوون.
ڕوونیشیکردەوە کە لە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا لیژنەکە لە نزیکەوە بۆی دەرکەوت کە بڕێکی زۆر لەو ڕۆنە لە چەند شوێنێکدا ڕژاوە.
ڕاشیگەیاند،" بەخۆشحاڵیەوە ڕۆنەکە نەگەیشتووە بە دەریاچەی دەربەندیخان، چونکە بە نزیکەی ١٥ کیلۆمەتر لێیەوە دوورە و ڕۆنەکە پێش گەیشتنی بە ئاوی دەریاچەکە، بەڕۆخی زەوییەکەدا ڕۆشتووە و کاریگەرییە ژینگەییەکانی سنووردار کراون".
قائیمقامیەتی دەربەندیخان ڕاشیگەیاند " لیژنەکە ڕاسپێردراوە کە بەدواداچوونی ورد و چڕ بکات و ئەو کەسانەی ئەم کارەیان ئەنجامداوە، ڕووبەڕووی یاسا و سزای توند بکرێنەوە".
قائیمقامی دەربەندیخان داواکارە لە هاووڵاتیان و ژینگەدۆستان کە لە هەر کات و شوێنێک هەر حاڵەت و دیاردەیەکی پەیوەندیدار بەم شێوە بینی، دەستبەجێ ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر.