بافڵ تاڵەبانی: ئێمە بەشێک نین لە حکومەتێک لە دەمی ئێوە پارە دەربهێنێت بۆ دروستکردنی میلیشیا بۆ رێویەکی کلک بڕاو

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عیراق لە دەڤەری راپەڕین رایگەیاند" ئێمە قەد بەشێک نین لە حکومەتێک لە دەمی ئێوە پارە دەربهێنێت و میلیشیا دروستبکات بۆ رێویەکی کلک بڕاو".

رۆژی پێنجشەممە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عیراق لە دەڤەری راپەڕین رایگەیاند " خەڵکی ئەم دەڤەرە پرسیارێکمان زۆر لێدەکەن ئەویش ئەوەیە کە دەنگیان بە ئێمەدا و تائێستا حکومەتمان نییە، من پێتان دەڵێم ئێمە بە قسەی ئێوەمان کردووە بۆیە حکومەت پێکنەهاتووە، ئێوە بەئێمەتان وت مەهێڵن حکومەتێک پێکبێت کە خزمەتی خەڵک نەکات ئێمەش بەقسەمان کردن، بەئێمەتان وت مەچنە حکومەتێکەوە کە لاوازبن تێیدا بەقسەمان کردن، بەئێمەتان وت باحکومەتێک پێکنەیەت کەبەیەک چاو سەیری هەموو هاوڵاتییان نەکات بەقسەمان کردن، ئێمە هەرگیز ناهێڵین حکومەتێک پێکبێت کەخزمەتی هەموو خەڵک نەکات و پارە لە دەمی ئێوە دەربهێنیت بۆ گیرفانی خۆی و دروستکردنی میلیشیا بۆ دزو و گەندەڵ و ڕێوی کلک بڕاو".

وتیشی'' دەمەوێت باسی ئاشتیتان بۆ بکەم کە بۆیەکەم جار سەرۆک مام جەلال بە دیموراسی و ئەقڵیەتی حەکیمانەی خۆی ئاشتی لەنێوان کورد و تورک هێنایە ئاراوە، نەک بەقسەی بەتاڵ، ئێستاش پڕۆسەیەکی دیکەی ئاشتی بەهەمان سیاسەتی مام جەلال لەنێوان کورد و تورک بەڕێوەدەچێت و ئەمە تەنها سەرەتایەکە و دواتر هەرچوار پارچەی کوردستان دەگرێتەوە و هەرگیز خاکی خۆمان تەسلیمی داگیرکەر ناکەین، ئەمەش بە سیاسەت و دیبلۆماسیەت و ئەقڵە نەک بە قسەی بەتاڵ.".

سەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند" ئایا کێشەی سەرەکی خەڵك چیە ئەمڕۆ؟ بێگومان مووچە و کار و کەسابەتی خەڵکە، کێ دەتوانێت ئەمە چاک بکاتەوە؟ تەنها یەکێتیی نیشتمانییی کوردستانە نەک ئەوانەی بەس لەسۆشیال میدیا قسە دەکەن و تێکیان داو و منداڵەکانی خۆشیان گوێیان بۆ ناگرن، هەروەها ئەم چاککردنەوەیەش تەنها لە هەولێرەوە ناکرێت پێویستە یەکێتی بە هێزی گەورە و نوێنەری زۆرەوە بنێرنە بەغداد، جاری پێشوو ئێمە بە ١٨ کورسییەوە زۆر زیاتر لەو حزبە خزمەتمان کرد کە زیاتر لە ٣٠ کورسی هەبوو، ئەوان چیان بۆ خەڵک و کەرکوک و گوزەرانی خەڵک کرد؟ تەنانەت یەک مووچەشیان پێچارەسەر نەکرا، بۆیە ئێمە حەزدەکەین شەڕ بۆ ئێوە بکەین و خزمەتتان بکەین بۆ ئەمەش پێویستمان بە دەنگی زیاتر و کورسی زیاترە".




PM:04:42:30/10/2025