ئەمڕۆ شەممە یەکی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بەشێک لە کارمەندەکانی کەناڵی KNN گردبونەتەوە و داوای پێدانی مووچەکانیان دەکەن کە چەند مانگێکە پێیان نەدراوە.
بەشێک لە کارمەندانی کەناڵی KNNی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ لە بەردەم مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەکە لە گەڕەکی کوردسات گردبوونەوە و داوای پێدانی مووچەکانیان کرد.
کارمەندانی کەناڵەکە، باس لەوەدەکەن لە کاتی داخستنی کەناڵەکە بەڵێنیان پێدرابوو کە مووچەکانیان پێبدرێت بەڵام ئەمە چەند مانگە هیچ مووچەیەکیان پێنەدراوە و هەر کاتێک وەڵامێکی جیاواز لە بەرپرسانی بزوتنەوەکە وەردەگرن.
وتیشیان'' ناچارین پەنا بۆ بەردەم دادگا و میدیا بەرین تا حەقی موچەی رۆژنامەنووسان وەربگرینەوە كە ژمارەمان نزیكەی ١٠٠ كارمەندە و داوای پشتیوانی لە رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن دەكەین بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانمان كە موچەكانمانەو بڕی ١٦٢ ملیۆن دینارە.''
هەر لە ماوەی ڕابردووشدا، کارمەندەکانی هەمان کەناڵ لە بایانامەیەکدا، رایانگەیاند'' لە کاتێکدا پەیامنێران و وێنەگران و ڕۆژنامەنوسانی KNN ڕۆژانە هەواڵی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانمان دەگواستەوە ، بەڵام تائێستاش مووچەی چەندی مانگێکی ئەمساڵمان ، لەلایەن ئیدارەی کەناڵی KNN بەبارمتە گیراوە و پێمان نەدراوە .''
ئەمە لە کاتێکدایە، کەناڵی KNN کە لە ڕۆژی ٣٠ی مانگی شەشی ئەم ساڵ بە هۆکاری ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ پەخشی کەناڵەکەی ڕاگرت.