سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی لە شاری هەولێر، دەڵێت "ئەو ئەجنەبیانەی کە لە هەولێر دەوام ناکەن و بۆ سەردان دێن، ئەڵێن هەولێر جادەی پانە و بینای بەرزە، بەڵام قیمەتی نیە، جادەی پان و قەسرتان بۆچییە ئەگەر قسە بکەن زمانتان ببڕن، هۆڵی گەورەتان بۆچیە کە ئاکتڤیستێک نەتوانێت چالاکیەک بکات".
شەممە، ١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستەکەیدا لە شاری هەولێر وتارێکی پێشکەشکرد، و ڕایگەیاند "دەنگ بەن بە یەکێتی با دزی ڕابگرین، هەر ئێمەین کە دەستی دزەکان دەبڕین، ئێمە بەرگریمانکرد لە کوردستان و وامانکرد یاسای هەڵبژاردن بگۆڕێت و ئێستا تۆزێک لە هەڵبژاردن بچێت".
"ئێمەین بەرگری دەکەین لە خاکی کوردستان، ئێمەین بەرگری دەکەین لە شارەکان لە سلێمانی، با ئێمە بەرگری بکەین لە هەولێر، بزانە کەس ئەوێرێت هەموو هەفتەیەک درۆنێک لە سلێمانی بدات، قسە زلەکانیان هەموو ڕۆژێک وا ئەکەین، نەگبەت تۆ جارێ دیفاع لە خۆت بکە هەموو ڕۆژێک درۆن ئەکێشن بەسەرتانا" سەرۆکی یەکێتی وای وت.
١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچیت و لە ٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردوە و سەرجەم پارتە سیاسیەکان و بەربژێرە سەربەخۆکان پێشبڕکێیانە لەسەر بەدەست هێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق.