پارتی بۆ خەز عەلی: لەگەڵ ئەو عێراقەدا نین كە تێیدا دەستوور پێشێل بكرێت و مافیاكان حوكمی وڵات بكەن

پارتی وەڵامی قەیس خەز عەلی دەداتەوە ودەڵێت" باشیش بزانن نە ئێمە و نە خەڵكی عێراق لەگەڵ ئەو عێراقەدا نین كە تێیدا دەستوور پێشێل بكرێت و مافیاكان حوكمی وڵات بكەن".


لە دوای قسەکانی قەیس خەز عەلی کە وتی" هەندێك لە سەركردەكانی كورد باوەڕییان بە یەكگرتوویی عێراق نییە و پێیانوایە لاوازبونی بەغدا لە بەرژەوەندی كورد و هەرێمی كوردستانە"،  سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی لە پارتی  دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت" قەیس خزعەلی لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ كەناڵەكەی خۆیدا ناوی جەنابی سەرۆك بارزانی و بەڕێزان كاك نێچیرڤان و كاك مەسروری هێناوە و بە مەرامی خۆی لێكدانەوەی بۆ پێشهات و هاوكێشە سیاسیەكان كردووە، ئێمە پێمانوایە ئەو قسانە  بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و چەواشەكارییە، پێویستە باش لەوە تێبگات كە پارتی دیموكراتی كوردستان یەك سەركردایەتی و یەك ڕەئی و یەك بڕیاری هەیە و باشترە دڵی خۆیان بەو جۆرە خەونانە خۆش نەكەن گوایە فرەبڕیاری لەناو پارتیدا هەیە".

راشیگەیاند کە " باشیش بزانن نە ئێمە و نە خەڵكی عێراق لەگەڵ ئەو عێراقەدا نین كە تێیدا دەستوور پێشێل بكرێت و پشت لە بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بكرێت و مافیاكان حوكمی وڵات بكەن." 

سەرچاوەکە وتیشی "کە هەموو لایەك ئەو ڕاستیە باش دەزانن كە لەدوای ڕووخانی ڕژێم كەس بەقەدەر سەرۆك بارزانی هەوڵی بۆ بنیاتنانەوەی عێراقی تازە نەداوە، سەرۆك بارزانی زیاتر لە هەموو كەسێك هەوڵی بۆ ئەوە داوە عێراقێكی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای دەستوور دابمەزرێت كە تێیدا هەموو لایەك پابەندی دەستوور بن و ڕەچاوی بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بكرێت".

ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە چەند رۆژ لەمەوبەر قەیس خەزعەلی سەركردەیەكی باڵای شیعەكانی عێراق ئاشکرای کرد کە هەندێك لە سەركردەكانی كورد باوەڕییان بە یەكگرتوویی عێراق نییە و پێیانوایە لاوازبونی بەغدا لە بەرژەوەندی كورد و هەرێمی كوردستانە.

"لەم دواییانەدا لە دوو کەسایەتی گرنگی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانیمان بیست، کە قووڵایی ستراتیژی راستەقینەی هەولێر لە بەغدادە، بێگومان ئێمە بە گەشبینییەوە پێشوازیمان لەم لێدوانە کرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەداخەوە ئەمەمان لە کاک مەسرور بارزانی یان کاک مەسعودەوە نەبیستووە، ئایا ئەوانیش دەوتوانن ئەم قسانە بكەن ؟ من گومانم هەیە".( خەز عەلی وای وت).




PM:01:06:02/11/2025