وەزیرانی دەرەوەی عێراق و تورکیا، لە بەغداد کۆبونەوە و ڕێکەوتنیان لەسەر ئاو واژۆ کرد و لەسەر پرسی پەکەکە و ئابوریش گفتوگۆیان کرد.
یەک شەممە، ٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، وەزیری دەرەوەی عێراق، فواد حسێن و وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان لە دوای کۆبونەوەکەیان لە بەغداد، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەیان، فواد حسێن ڕایگەیاند "لەسەر سیاسەتی بەڕێوبردنی ئاو ڕێکەوتنێکی گرنگ واژۆ دەکەن، ٢٦ یاداشتی لێکتێگەیشتن هەیە کە واژۆمان کردوە، کە ئەم ڕێکەوتنە دەبێتە یەکەم بەڵگەی فەرمی لە مێژووی هەردوو وڵاتەکەدا کە پەیوەست دەبێت بە ئاوەوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیاش لەسەر خاڵێکی دیکەی گفتوگۆکانیان قسەیکرد و ووتی"پێویستە پەکەکە لە خاکی عێراق و سووریا بکشێتەوە، لەبارەی چەکدانانی پەکەکە لەگەڵ بەغداد و هەولێر لە گفتوگۆداین"، هاکان فیدان ئاماژەی بەوەشکرد پرۆسەی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنانە بە چەکدارانی پەکەکە لە خاکی ئێرانیشدا.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆش وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بکات و لەگەڵیدا کۆببێتەوە، دواین سەردانی هاکان فیدان بۆ عێراق لە ٢٦ کانونی دووەمی ٢٠٢٥ بوو، بە پێی میدیاکانی تورکیا هۆکاری سەرەکی سەردانەکە، بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر پرۆسەی نوێی ئاشتی و هەناردەکردنی نەوت و سیاسەتی ئاو وهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق.