جێگری سەرۆکی پارتی، مەسرور بارزانی لە بانگەشەی لیستەکەیدا لە شەقڵاوە، دەڵێت "ئازادی ئەوەیە بۆ مافی نەتەوەیەک تێبکۆشیت، ئازادی ئەوەیە بۆ ئازادی خاک تێبکۆشیت، ئازادی ئەوەنیە بە تۆپ و تانک بچیتە سەر هۆتێلێک یان ئۆپۆزسیۆنێک، ئەوانەی باسی ئازادی دەکەن دەبێت خۆیان ئازاد بن، دەبێت خۆیان خاوەن قسە بن، دەبێت بە کرێگیردراو نەبن، تەنیا ئەوانە دەتوانن باسی ئازادی بکەن".
یەک شەممە، ٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بانگەشەی لیستەکەیدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە شەقلاوە وتارێکی پێشکەشکرد و لەسەر پێکهێنانی کابینەی ١٠ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "پارتی بە هیچ جۆرێک سازش لەسەر ئەوە ناکات، پێکهێنانی حکومەت بۆ بەرژەوەندی تاکەکەس بێت، ئەوانەی دەڵێن ڕێگربوین لەسەر دروستکردنی حکومەت، بۆ پلەو پۆست و ئیمتیازی شەخسی نەیان هێشتوە حکومەت پێکدێت و پارتی تا ئێستا پشوو درێژ بوە و بەرژەوەندی خەڵکی لەبەرچاو بوە، بەڵام هەرکات پارتی هەست بکات بەرژەوەندی خەڵک لەوادەیە حکومەت پێکبێت ئەوا پێکی دەهێنێت".
"نامەوێت بکەومە وەڵامدانەوە، بەڵام ئەمانەم وەک ڕونکردنەوە بۆ تێگەیشتن ووت" مەسرور بارزانی وای ووت.
١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچیت و لە ٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردوە و سەرجەم پارتە سیاسیەکان و بەربژێرە سەربەخۆکان پێشبڕکێیانە لەسەر بەدەست هێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق. لە بازنەی هەولێر پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٠ بەربژێری هەیە بۆ ١٥ کورسی پارێزگاکە.