بریندارێکی دیکەی ئاگرەکەی پێنجوێن گیانی لە دەستدا

‌ئاگرەکەی پێنجوێن

بێستون عەبدوڵا، یەکێک لە بریندارەکانی ڕوداوی ئاگر کەوتنەوەکەی قەڵای کچێ لە پێنجوێن، دوای مانەوەی لە نەخۆشخانەی بۆ ماوەی دوو مانگ، ئەم ئێوارەیە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەستدا.

یەک شەممە، ٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، بێستون عەبدوڵا ناسراو بە بێستون کواوایی، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە دوای دوو مانگ مانەوە لە نەخۆشخانە ئەم ئێوارەیە گیانی لە دەستدا، بێستون لە ڕۆژی دووەمی ئاگرکەوتنەوەکەی گوندەکانی پێنجوێندا لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بە خۆبەخشی چوون بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و دواتر لەگەڵ گەنجێکی دیکەدا بریندار بوون.

٢٨ ئابی ٢٠٢٥ ئاگرێک لە چەند گوندێکی پێنجوێن کەوتەوە و بە هۆیەوە بێستوون عه‌بدوڵڵا و ئالان یووسف بریندار بوون، و ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کران، لە ٢٤ ئەیلولی ٢٠٢٥، ئالانی تەمەن ٢٥ ساڵ کە ڕێژەی سوتاویەکەی لە ٧٥٪ بوو گیانی لە دەستدا. 




PM:06:51:02/11/2025