کەناڵی NRT ڕایگەیاند : "هێزێکی وەزارەتی ناوخۆ گەیشتنە NRT بە بڕیاری دەسەڵات و وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی ماوە بەسەرچوو بەرنامەی تاوتوێیان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید ڕاگرت".
یەک شەممە، ٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، بڕیاربوو ئەم ئێوارەیە کاتژمێر ١٧:٠٠ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە زیندانەوە لە بەرنامەی تاوتوێی NRT لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دۆخی هەرێمی کوردستان قسە بکات، بەڵام بە پێی ڕاگەیاندراوی کەناڵەکە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ و ڕۆشنبیریەوە ڕێگری لە پەخشکردنی بەرنامەکە کراوە.
سەرچاوەیەکیش لە کەناڵەکەوە بە سپی میدیای ڕاگەیاند " بەرنامەکە بە شێوەی تۆمارکراو بوە و تەنها دەنگ بوە، بەڵام ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کە پۆلیسی تێدابوە هاتونەتە کەناڵەکە و بڕیاری دادوەریان پێبوە کە ئەگەر بەرنامەکە پەخش بکرێت، بۆ ماوەی دە ڕۆژ کەناڵەکە دادەخەن".