قوباد تاڵەبانی: ئێمە بە شێوەیەکی ریشەیی پشتیوانی لە کەرتی وەرزش دەکەین نەک بە پینەوپەڕۆ

جێگری سەرۆکی یەکێتیی، لە وەڵامی هاوکاری مەسرور بارزانی بۆ یانەی نەورۆز دەڵێت'' ئێمە لە ڕێگەی یاساوە کار بۆ بەپیشەییکردنی وەرزش و بەهێزکردنی ژێرخانی وەرزشی دەکەین.'' 

قوباد تاڵەبانی یەکشەممە ٢ی تشرینی دووەم، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، رایگەیاند'' ئێمە بە شێوەیەکی ریشەیی پشتیوانی لە کەرتی وەرزش دەکەین، نەک بە پینەوپەڕۆ، بەشێک لە وەرزشوانان ئاگادارن کە زیاتر لە ساڵێکە بۆردێکمان پێکهێناوە و پلانی تۆکمەمان بۆ پێشخستنی هەموو بوارە وەرزشییەکان داناوە و بە کرداریش لەو ماوەیەدا هەندێک هەنگاومان ناوە.''

وتیشی'' ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی چارەسەرکردنی کێشەی بودجەوە، ساڵانە بودجەی تایبەت بۆ کەرتی وەرزش دابین بکەین، بەبێ یاسا و بەبێ بودجە هەر هەنگاوێکی دیکە بنرێت کاتییە و بۆ پینەوپەڕۆیە و کاریگەری لەسەر گەشەپێدانی کەرتی وەرزش نابێت.'' 

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی نوسینگەکەیەوە بڕی ٤٥٠ ملیۆن دیناری بەخشییە یانەکە، ئامانجی پاڵپشتییەکە بەرەوپێشبردنی دۆخی وەرزش و وەرزشوانانی هەرێمە. 




PM:08:04:02/11/2025