قوباد تاڵەبانی: لە هەولێر و هەندێک ناوچەی دیکە کاری رۆژنامەوانی ئەرکێکی قورسە

جێگری سەرۆکی حکومەت، ڕایگەیاند'' یەکێتی رێگری دەکات لەلایەنی دیکە ئازادی كاری رۆژنامەوانی بەرتەسک بکاتەوە و ئەوە لە هەولێرو هەندێک ناوچەی دیکە کاری رۆژنامەوانی ئەرکێکی قورسە.'' 

قوباد تاڵەبانی ٢ی تشرینی دووەم لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە'' لە کۆبونەوەم لەگەڵ میدیاکار و کارمەندانی دەزگاکانی راگەیاندن لە پارێزگای هەولێر ئاماژەم بەوەدا راستە لە هەولێر و هەندێک ناوچەی دیکە کاری رۆژنامەوانی ئەرکێکی قورسە، بەڵام میدیاکاری ئێمە ئازایانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن.'' 

وتیشی'' سەرۆک مام جەلال زۆر جار دەیوت یەکێتی کە لە فڕۆکە و بۆمب و موشەک ناترسێت، لە رەخنەی رۆژنامەنوس و تەنانەت چەواشەکاری بە پلانی میدیای لایەنی رکابەریش ناترسێت.'' 

قوباد دەڵێت'' میدیاکارانم دڵنیا کردەوە کە وەک سەرۆک بافڵ لە هەولێر ئاماژەی پێدا یەکێتی وەک چیای سەفین لە پشتی میدیاکاران و هەڤاڵ و کادرانی خۆی رادەوستێت.'' 

جەختیشیکردەوە، یەکێتی نەک تەنیا ئازادیی کاری رۆژنامەگەری مسۆگەر کردووە، بەڵکو رێگریش دەکات لەوەی لایەنی دیکە سنووری ئەو ئازادییە بەرتەسک بکاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە ١١ی مانگی داهاتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان به‌ ژماره‌ ٢٢٢ له‌ بازنه‌كانی سلێمانی و دهۆك و هه‌ولێر و كه‌ركوك و دیاله‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌شداره‌.

هاوكات، له‌ چوارچێوه‌ی سێ هاوپه‌یمانێتیدا له‌پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا و سه‌لاحه‌دین و به‌غدادیش به‌ زیاتر له‌ ١٥٠ كاندید به‌شداره‌و له‌و ژمارانه‌ش رێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌به‌شداری ژنان دراوه‌، كه‌له‌ بازنه‌كانی سلێمانی و دهۆك و هه‌ولێر و كه‌ركوك و دیاله‌ ٣٦ كاندیدی ژن به‌شدارن، كه‌رێژه‌كه‌ی له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاریكردوه.




PM:11:23:02/11/2025