سەرەتای مانگی داهاتوو نەوتی سپی لە سەنتەری سڵیمانی دابەشدەکرێت

سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاند" لەم مانگەدا پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان کۆتایی دێت و سەرەتای مانگی داهاتوو دەگاتە ناو سەنتەری شاری سلێمانی".

سەلام عومەر، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە میدیای گۆڕانی ڕاگەیاند" تا ئێستا ١٦ هەزار خێزان لە ناوچە شاخاوییەکان نەوتیان وەرگرتووە".

باسی لەوەشکرد: پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت بەردەوامە، وەک هەموو ساڵێک سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات و دواتر دەگاتە سەنتەری شار.

سەلام عومەر وتیشی" ئێمە بەپێی ئەو ڕێنمایەی بۆمان هاتووە، دەبێت لەم مانگەدا ناوچە شاخاوییەکان تەواو بکەین، دواتر لە سەرەتای مانگی ١٢ دێتە ناو سەنتەری شاری سلێمانیەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: ژمارەی ئەو خێزانانەی لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی خۆراک تۆمار کراون و بە ئێمە دراون 540 هەزار خێزانە، ئەمە ١١٠ ملیۆن لیتر نەوتی پێویستە، ئەوەی بڕیاری لێدراوە تا ئێستا فەرمانی 59 ملیۆن لیتر نەوتمان بۆ هاتووە.

باسی لەوەشکرد، هەرکاتێک دابەشکردنی نەوت گەیشتە ناو سەنتەری شاری سلێمانی، هەموو بنکەکان بەبێ کێشە وەریدەگرن.

سایانی باسە ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێم دابەشی دەکات بۆ هەر خێزانێک ٢٠٠ لیتر دانراوە و بە بڕی ١٠٤ هەزار دینار پێیان دەدرێت.



PM:12:37:03/11/2025