نرخی مریشکی زیندوو بەرز دەبێتەوە

نرخی مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبوەتەوە، لە ئێستادا بەراورد بە مانگی ڕابردوو هەر کیلۆیەک ٧٥٠ دینار چوەتە سەر نرخەکەی و کیلۆی بوەتە سێ هەزار دینار. 

دوو شەممە، ٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، بەراورد بە نرخی پێشووی مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی هەرێـمی کوردستان ئەمڕۆ نرخەکەی بەرز بوەتەوە، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و ‏گەرمیان، نازم عەبدوڵا، لە بارەی هۆکاری بەرزبونەوەی نرخەکە بە میدیاکانی ڕاگەیاندوە: "بڵاوبونەوەی ڤایرۆس لەنێو جووچکەکاندا و تێچووی زیاتر لە وەرزی سەرمادا هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشکە، پێشتر نرخی مریشک زۆر دابەزیبوو و خاوەن کێڵگەکان زیانیان دەکرد، بەڵام ئێستا لە نرخێکی ئاساییدایە کە لە کێڵگەکان دوو هەزار و ٦٠٠ دینارە و بە ٣ هەزار دینار دەگاتە دەستی هاوڵاتیان".

بە هۆی گونجاوی نرخەکەی لە هەرێمی کوردستاندا خواست لەسەر کڕینی مریشکی زیندوو هەیە، و لە هەرێمی کوردستاندا هەزار و ٨٤٠ پەلەوەرخانە هەن، کە هێلکە و مریشک دەخەنە بازاڕەوە. 




PM:02:05:03/11/2025