ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بڵاویکردەوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا، ٢٩ هاوڵاتی کورد لە زیندانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئاماری دە مانگی ڕابردووی لە سێدارەدانی هاوڵاتیانی کوردی لە زیندانەکانی ئێراندا بڵاوکردوەتەوە، بە پێی بڵاوکراوەکە لە ماوەی دە مانگدا ١٥٢ هاوڵاتی لە سێدارەدراون، تەنها لە مانگی ڕابردوو(تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥) ، ٢٩ هاوڵاتی کورد لە سێدارەدراون کە دوانیان زیندانی سیاسی بوون و بەراورد بە مانگی ئەیلول ڕێژەی لە سێدارەدان لە ١٤٪ زیادی کردوە.
بە پێی ئاماری گروپی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا، لە زیندانەکانی ئێراندا ٨٨٣ کەس لە سێدارەدراون، لەو ڕێژەیە ٢٦ کەسیان ژنبوون و پێنج کەسیان لە تەمەنی خوار ١٨ ساڵدا بوون، ساڵی ٢٠٢٤ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ ڕێژەی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە ١٨٪ زیادی کردبوو.