ئەندامێکی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئاماژە بەوە دەکات، ٢٤ کاتژمێر بەر لە دەنگدانی تایبەت، قەدەغەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێدەکات، وە هەر لایەن و بەربژێرێک لە دوای ئەوکاتەوە بانگەشە بکات ڕوبەڕووی سزا دەبێتەوە.
حەسەن هادی، ئەندامی ڕاگەیاندن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەبارەت بە ڕێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە دوای قەدەغەکردنی بانگەشەوە ڕایگەیاندوە: "پێشێلکردنی قەدەغەی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەربژێر تووشی سزای دارایی و کارگێڕی دەکاتەوە و ڕەنگە ڕێکاری توندتر بگیرێتەبەر تاوەکو دوورخستنەوەی لە هەڵبژاردن".
ئەو ئەندامەی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆن، ئەوەش دەڵێت، کە وەک کۆمسیۆن بە ووردی چاودێری بەربژێر و لایەنە سیاسیەکان دەکەن، تا لە دوای قەدەغەکردنی بانگەشەوە، هەر پێشێلکارییەک بکەن، تۆماری بکەن و ڕێکاری پێویست بگرنە بەر.
١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، ٨ تشرینی دووەم، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت و بانگەشەی هەڵبژاردن کە لە ٣ تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردوە، ٢٤ کاتژمێریش بەر لە هەڵبژاردنی تایبەت، بانگەشە رادەگیرێت.