سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی: لە پرۆسەی ئاشتیدا خەرجیەکانی شەڕ لە تورکیا زیادیکردوە

‌سزای تەمەلی- سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی
سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، سەزای تەمەلی، ڕایگەیاند: " ساڵی ڕابردوو، ٤٠ ملیار دۆلار بۆ کەرتی ئاسایش تەرخان کرابوو، ئەمساڵ (٢٠٢٦) بودجەکە گەیشتووەتە ٥١ ملیار دۆلار". 

دوو شەممە، ٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، سەزای تەمەلی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان(دەم پارتی)، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمان ڕایگەیاند: "ساڵی رابردوو ووتمان، بودجە بە ڕوانگەی ئەمنی ئامادەکراوە، ئەمساڵ بودجەیەکی زیاتر بۆ کەرتی ئەمنی تەرخانکراوە، بە ڕێژەیەک ساڵی ڕابردوو ٤٠ ملیار دۆلار بوو، ئەم ساڵ ٥١ ملیاری دۆلاری تێپەڕاندوە، کە پشک و بڕەکەی بەردەوام لە زیادبوندایە، لە  ١١.٥٪ بودجە بۆ بیرۆکراسی ئەمنی و ئەقڵی میلیتاریستی دەڕوات، لە ڕابردودا بیانوو هەبوو، بەڵام ئێستا دوای راگەیاندنەکەی ٢٧ شوباتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان، هیچ بیانویەک نەماوە، کە ئیتر لەم قۆناغە بەدواوە هیچ پێویستیەک بۆ چەک نییە، دەبوو ئەو بودجەیە بۆ نان و ئارامی تەرخان بکردرایە، نەک بۆ سەرمایە و شەڕ".

سەبارەت بە کارەکانی کۆمسیۆنی پەرلەمان بۆ پرۆسەی ئاشتی سەزای تەمەلی وتویەتی:  " لیژنەکە ١٦ کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، گفتوگۆکانی لیژنەکە بە دانیشتنی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی کۆتایی دێت، دواتر ڕاپۆرتێک دادەڕێژرێت، ئێمە هەر لە سەرەتاوە ڕامانگەیاندووە کە لیژنەکە پێویستە سەرنجی لەسەر ئەرکی سەرەکی خۆی بێت و دوای نەخات. ئێمە لە قۆناغێکی چارەنووسسازداین، ئەولەویەتمان ئەوەیە کە ئەم قۆناغە بە شێوەیەکی دروست هەڵسەنگێنین و لە زووترین کاتدا چالاکییە یاسادانانەکان جێبەجێ بکەین. هیوادارین، بەو کاتەی لەدەستچوو، یاسا پێشبینیکراوەکە بخرێتە کارنامەی پەرلەمان و پێش کۆتایی ساڵ بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بێگومان ئەمە هیوای ئێمەیە".


ڕۆژی ٢٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، پەرلەمانی تورکیا ماوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سێ ساڵ لە عێراق و تورکیا درێژکردەوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە دوای راگەیاندنی ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥، کە عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، قۆناغێکی نوێی ڕاگەیاند، کە کورد ناوی ناوە "پرۆسەی ئاشتی" و حکومەتی تورکیاش ناوی ناوە "تورکیای بێ تیرۆر". 




PM:06:06:03/11/2025