٦٣ خوێندکاری کچ دەڵێن: ئەگەر وەزارەتی پەروەردە داواکەمان قبوڵ نەکات، واز لە خوێندن دەهێنین


لە چەمچەماڵ ٦٣ خوێندکاری کچ ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردوەتەوە و دەڵێن: "داوا لە بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی چەمچەماڵ و وەزارەتی پەروەردە دەکەین، کاتی دەوامی خوێندنەکەمان بۆ چاک بکەنەوە، ئەگەر وانەکەن، ناچارین واز لە خوێندن بهێنین".

لە ئامادەیی تاڤگەی کچانی، قەزای چەمچەماڵ لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ٦٣ خوێندکار دوای ئەوەی لە پێشتردا کاتی دەوامەکەیان لە ١٤:٠٠ دوای نیوەڕۆ بۆ ١٨:٠٠ ئێوارە بوە، و ئێستا گۆڕاوە بۆ ١٦:١٥ هەتا ٢٠:٠٠ شەو، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردۆتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن بە هۆی ئەوەی کاتی دەوامەکەیان بۆ ناگونجێت ناچارن واز لە خوێندن بێنن، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە: "هەندێکمان لە خوێندن دابڕابووین، دواتر چوونەوە قوتابخانە گەورەترین ئومێدی بۆ دروستکردین و سوپاسی بەڕێوەبەراتیی پەروەردەی چەمچەماڵ و وەزارەتی پەروەردە دەکەین، بەڵام بەداخەوە ئێستا بێ ئومێد کراوینەتەوە".

"گەڕانەوە لە کاتژمێر ٨:٠٠ـی شەو بۆ ئێمە کە ئەرکی خێزان و ماڵەوە و ئامادەکردنی خواردن و پەروەردەی منداڵمان لە ئەستۆدایە، بەهیچ شێوەیەک گونجاو نییە، ئەو قوتابخانەیە یەک دەوامی تێدایە و دەتوانرێت دەوامەکەمان وەک ڕابردووی لێبکرێتەوە"،  خوێندکارەکان وا دەڵێن.

ئامادەیی تاڤگەی کچان تایبەتە بە قۆناغەکانی١٠ و ١١و ١٢. 




PM:06:34:03/11/2025