کارەبای ٢٤ کاتژمێری گەیشتە ڕانیە

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند'' پڕۆژەی ڕووناکی گەیشتە ڕانیە و زیاتر لە ١٣٥ هەزار هاوڵاتی کارەبای ٢٤ کاتژمێریان بۆ دابین دەکرێت. 

وەزارەتی کارەبا دووشەممە ٣ی تشرینی دووەم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە'' ئەمشەو زیاتر لە ١٣٥ هەزار هاوڵاتی کارەبای بەردەوامی نیشتیمانیان بۆ دابیندەکرێت وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هەموو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین. 

ئاماژە بەوەشکراوە، زیاتر لە ١٠٠ موەلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان دەکوژێندرێنەوە. لە ئێستادا لە تەواوی هەرێم چوار ملیۆن ٤٢٧ هەزار هاوڵاتی کارەبای ٢٤ کاتژمێریان بۆ دابینکراوە. 

هەروەها لە هەولێر یەک ملیۆن و ٩٣٥ هەزار هاوڵاتی و لە سلێمان ملیۆنێک و ٣٤٥ هەزار هاوڵاتی و لە دهۆک ٤٩٥ هەزار هاوڵاتی کارەبای ٢٤ کاتژمێریان بۆ دابینکراوە. 

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشکردوە، لەژێر نرخە نوێیەکاندا، ٨٠٪ـی هاوڵاتییان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بە بەراورد بەو پارەیەی دەیاندا بە هەردوو کارەبای نیشتمانی و کارەبای مۆلیدە گازوایلەکان. 

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان. 




PM:07:24:03/11/2025