بزوتنەوەی گۆڕان (کوردسات) بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات هەروەها، داوا لە هاوڵاتیانی هەرێم دەکات بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن.
دووشەممە ٣ی تشرینی دووەم، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گەڕەکی کوردسات، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی و بڕیاردان لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە، بە پشتن بەستن بە ڕاپرسییەکان و وەرگرتنی بۆچونی کەسایەتییەکان هەڵوێستی خۆی لەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق ڕاگەیاند و داوا لە هاوڵاتیانی هەرێم دەکات بایکۆتی هەڵبژاردنەکە بکەن و لە ناوچە جێناکۆکەکانیش دەنگ بەو کاندیدە کوردانە بدەن، لەپێناو کوردستانیەتی ئەو ناوچانە و بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییەکان خەباتی پەرلەمانی دەکەن.
دەشڵێت'' هەڵبژاردنی ئەمجارە ڕەنگدانەوەی خواستی ڕاستەقینەی دەنگدەران نییە، بەتایبەت، کە پارە و چەک و پەیوەندییە ئیقلیمییەکان، ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە ڕەنگڕێژکردنی ئەنجامەکان دەبینن، ئەمەش بەردەوام ئاڵوگۆڕی ڕووکەشانەی دەسەڵاتی سیاسیی لێکەوتووەتەوە.''
ئەمە لە کاتێکدایە، تا ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە هیچ بڕیارێک یان هەڵوێستێکی بەرامبەر بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەبووە. هاوکات لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کورسیەکی بەدەست نەهێناوە.