عەبدوڵا ئۆجەلان: پێویستە پرسی کورد بە هەموو رەهەندەکانییەوە بخرێتە چوارچێوەی یاسایی کۆمارەوە

شاندی دەم پارتی لە سەردانێکی بۆ ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە، سەبارەت بە کۆبوونەوەکە دەم پارتی ڕایگەیاند'' دیدارێکی زۆر ئەرێنیمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی ئەنجامدا، کە نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند، تەندروستی باش بوو و ورەی بەرز بوو.'' 

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئۆجەلان بە شاندەکەی راگەیاندوە'' بۆ پێشخستنی ئەو قۆناخەی تێیداین، پێویستە زیاتر مێژوو و کۆمەڵناسی بە هەند وەربگرین. گرنگە ئەوە دەستنیشان بکرێت کە پەیوەندیی کورد و تورک وەکو دوو کۆڵەکەی هەزار ساڵە گەیشتووەتە ئەمڕۆ،  پێویستە بە بینین، تێگەیشتن و نۆژەنکردنەوەی ئەم کۆڵەکانە، پێکەوەژیان بەهێز بکرێت، پێویستە بە دروستکردنی ئاسۆیەکی وا کە کێشە هەنووکەییەکانیشمان لەخۆبگرێت بجووڵێینەوە، نەک بە کێشانی هێڵ".

ئۆجەلان دەڵێت'' ئێمە هەوڵێکی جددی دەدەین سەبارەت بە پرسێکی مێژوویی لە هەلومەرجێکی سنورداردا، هەوڵ دەدەین قۆناغێکی ئەرێنی پەرە پێبدەین نەک قۆناغێکی تێکدەر و نەرێنی، پێویستە خشتەبەندی دیاردەی کورد بە هەموو رەهەندەکانییەوە لە چوارچێوەی شەرعیەتی کۆماردا بێت، و پرۆسەیەکی ڕاگوزەری پتەوبێت بنەمای ئەمە بێت، گواستنەوە بۆ شەرعیەت وەک دیاردەیەکی هەمەلایەنە، بناغە یاساییەکانی کۆماری دیموکراتیک بەهێزتر دەکات.''  

شاندەکەی ئیمراڵیی دەم پارتی پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، میدحەت سانجار، پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە بازنەی رووها و پارێزەر فایق ئۆزگور ئەرۆڵ.




AM:11:37:04/11/2025