بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا پرسی مووچەی مانگی ٩ی هەرێمی کوردستان باس نەکراوە و بە ئەگەری زۆرەوە مووچە دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمەنی عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و بە ئامادەبوونی وەزیرانی کورد و تەیف سامی وەزیری دارایی دوایین کۆبوونەوەی خۆی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا. بەڵام باسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی (سپی) میدیا لە سەرچاوەیەکی ئاگادار، پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی و تەیف سامی کردووە بۆ ئەوەی بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدات، بەڵام سوودانی وتەیف سامی وتویانە "پارەمان نییە".
بە پێی زانیارییەکانی سپی تەنانەت بڕیار لە خەرجکردنیشی نەدراوە و پرسەکە ماوەتەوە بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
سەرچاوەکە ئەوەشی وت" بە ئەگەری زۆرەوە دوای هەڵبژاردن ولە ٢٤ و ٢٥ی مانگ بڕیار لە خەرجکردنی دەدرێت ئەگەر بەغدا بیانووی تر نەدۆزێتەوە".