دەمیرتاش: چەکەکان بە تەواوی و بۆ هەمیشە نامێنن چونکە ئۆجەلان پێداگرە

هاوسه‌رۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا سوپاسی ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی و ئۆزگور ئۆزەل دەکات و دەڵێت" باخچەلی قەدەخەکانی نەهێشت".
 
رۆژی سێشەممە سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)،  رایگەیاند"  به‌ڕێز ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی فراکسیۆنی پارتەکەی دا بوێرانە قەدەخەکراوەکانی نەهێشت و نیشانیدا کە لە رێگەی خۆڕادەستکردن بە ترس، ئاشتی دروست نابێت. بە گەرمی پیرۆزبایی لێدەکەم و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە سوپاسی دەکەم".
 
دەمیرتاش ئاماژە بەوە دەکات، داوای لێبووردنەکەی ئەمڕۆی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) نموونەی ئازایەتی بووە و دەڵێت"بە هەڵوێستێکی بەرزەوە رەخنە لە خۆی گرت و بەمەش نموونەیەکی دیکەی ئازایەتی نیشان دا، بە گەرمی پیرۆزبایی لێ دەکەم و سوپاسی دەکەم، بەڵام پێویستە هەمووان بزانن ئەگەر هەوڵ بدەین لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە و هەڵەکانی رابردوو وەلا بنێین، داهاتووشمان قەرزداری رابردوو دەبێ."
 
لە پەیامەکە دا هەروەها هاوسه‌رۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)،  وتیشی" رقم لە کەس نییە و کاتێک خەڵک چاوەڕێی چارەسەرکردنی کێشەکانمان لێدەکات، وتنی شتی نوێ و دروستکردنی شتی نوێ بە ژیری و ئازایەتییەوە ئەرکی سەرشانی هەموومانە". 
 
"سەرەتا چەکەکان بە تەواوی و بۆ هەمیشە نامێنن، ئەمە روونە، چونکە به‌ڕێز ئۆجەلان لەم بابەتەدا روون و پێداگرە. بە هەمان شێوە، بەڕێز سەرۆککۆمار پشتیوانە و پشتگیریی پڕۆسەکە دەکات. ئەرکی ئێمەش ئەوەیە بە بێ دوودڵی پشتگیریی سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە بکەین. هەوڵ دەدەین سەرجەم کێشەکانی دیکەشمان لە چوارچێوەی دەرفەت و مەرجەکانی سیاسەتی دیموکراسییانەدا پێکەوە چارەسەر بکەین، بەڵام بەر لە هەموو شتێک ئاشتی".( دەمیرتاش وای وت).

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە  ٤تشرینی دووەمی ٢٠١٦ـەوە دەستبەسەرکراوە  و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا تاوەکو ئێستا سێ جار بڕیاری داوە کە زیندانیکردنی دەمیرتاش پێشێلکاریی مافەکانییەتی و دەبێت ئازادبکرێت، بەڵام دادگاکانی تورکیا داواکارییەکانیان ڕەتکردوەتەوە بە بیانوی ئەوەی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا یەکلاکەرەوە نەبوون و دەمیرتاش لە دادگاکانی تورکیا ٤٧ دۆسیەی تاوانی بۆ دروستکراوە.





PM:08:41:04/11/2025