دەستەی داکۆکیکار لە سروشت و موڵکی سلێمانی لەسەر رشتنی پاشماوەی سوتەمەنی ژەهراوی و پاشماوە کیمیاییەکانی دی لە دەوروبەری سلێمانی وژینگەکەی هاتنە دەنگ و داتا و زانیارییەکانیان لەسەر فڕێدانی پاشماوە سوتەمەنییەکان گەیاندە داواکاری گشتی سلێمانی.
دەستەی داکۆکیکار لە سروشت و موڵکی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند" سەرەداو هەیە لەبارەی ئەو کەس یان ئەو کۆمپانیایەنەی کە دەستیان لە پشت ئەم کارەساتە ژینگەییەوە هەیە، بەڵام تا ئێستا ناوی کەسێکی تایبەت ئاشکرا نەبووە و داواکارین لە پۆلیس وئاسایشی سلێمانی کە بکەرەکان بدۆزنەوە".
وتیشیان " ئەم کارەساتە جارێکی دیکە ئەنفال کردنی کوردە و ئەمجارە بە بێدەنگی و بەدەستی خۆمان خەریکە ژینگەی خۆمان دەخەینە مەترسی و کارەساتی مرۆیی گەورەوە".
ئاشکراشیان کرد کە لەسەر ئەم پرسە سکاڵا لە شارەکانی سلیمانی، شارەزوور و پێنجوێن وهەڵەبجە و گەرمیان و دوکان جوڵاوە و رێکاری یاسایی دژی ئەو کەسەی کە ئەم تاوانە ژینگەییەی ئەنجام داوە و یان دەستی تێدا بووە و ئەوەی گواستویەتەوە وباری کردووە و رشتوویەتی دەگیرێتەبەر و بە پێی یاسای ژینگەی ساڵی ٢٠٠٨ لە هەرێمی کوردستان هەموو تاوانی ژینگەیی زۆر گەورەن و ئەم ماددانەش ماددەیەکی قڕکەر وکیمیایی مەترسیدارن کە ژیان بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ لەم ژینگانە دەخەنە مەترسییەوە.
هاوکات عوسمان حەمە ئەمین، ئاژەڵدارێکی گوندی کانی گۆرانی نزیک سلێمانییە لە کۆنگرەکەدا وتی" بەهۆی رشتنی نەوتی رەش و تێزاب لە نزیک گوندەکەیان، گۆماوێکی گەورەی پیس دروست بووە کە بووەتە هۆی مردنی سێ سەر گامێش و زیانگەیاندن بە چوار سەری دیکە".
لەم دواییانەدا، پارێزگای سلێمانی رووبەڕووی قەیرانێکی ژینگەیی جدی بووەتەوە بەهۆی رشتنی بێباکانەی رۆنی رەش، تێزاب و پاشماوەی نەوتی رەش لە چەند شوێنی جیاوازدا. ئەم تاوانە ژینگەییە نەک تەنها ناوچەکانی دەرەوەی شار، وەک دووکان، پێنجوێن، عەربەت و دەربەندیخان، گرتووەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە ناوچەکانی ناو شاری سلێمانیش.