ئەردۆغان: گەیشتوینەتە قۆناغێكی نوێی پڕۆسەی ئاشتی

سەرۆك کۆماری توركیا، ڕایگەیاند'' هەنگاوەکانیان بە ئاڕاستەی تورکیای بێتیرۆرە و چاویشیان لە خاک و سەروەریی هیچ وڵاتێک نییە.'' 

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێكدا لەبەردەم فراكسیۆنی پەرلەمانیی پارتەكەی (ئاكەپە)، باسی لەوەکرد، هەفتەی ڕابردوو گفتوگۆی زۆر بنیاتنەرانەی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) هەبووە.

وتیشی'' دەبێت هەمووان بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن، ئێمە وەكو هاوپەیمانی گەل رۆڵی خۆمان دەگێڕین، كۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتیش سەركەوتووانە ئەركی خۆی جێبەجێ دەكات، بەمتمانەوە بەرەو توركیای بێ تیرۆر هەنگاو دەنێین و لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا پەرەسەندنی گرنگ روویانداوە.''

سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت'' سوپای تورکیا لە هەر ناوچە و هەرێمێک بووبێت ئارامیی و ئاساییشی بەرقەرارکردوە و لەپێناو سەقامگیرییدا بووە نەک ئامانج و مەبەستی دیکە و وەک تورکیا بە هیچ جۆرێک چاومان لە خاک و سەرەوریی هیج وڵاتێک نەبووە و نییە.'' 

لەبارەی بڕیارە نوێیەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە ٩ ساڵە لە ئەدیرنە زیندانییە رایگەیاند'' ئەم وڵاتە وڵاتی دادوەرییە. دەسەڵاتی دادوەری لەمبارەیەوە چی بڵێت، پابەندی دەبین".




PM:06:29:05/11/2025