بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی، لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە پێکنەهێنانی کابینەی دەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکنەکەوتنیان لەگەڵ یەکێتی دەڵێت: "نەدانی وەزارەتی ناوخۆ بە یەکێتی پەیوەندی بە ئەمنیەتی ناوخۆمانەوە و نەبوونی سیقەوەیە".
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی کەناڵی ڕوداو، چوار شەممە، ٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، ڕایگەیاند: " تا ئەمکاتە یەکلابوینەتەوە کە وەزارەتی ناوخۆیان نادەینێ، بڕیارمان داوە و بە حەقی خۆمانی دەزانینن، یەک پرسیار لە برادەرانی یەکێتی دەکەین، ئەوان لە جیاتی ئێمە بوونایە وەزارەتی ناوخۆیان بە ئێمە دەدا؟، ئەو پرسیارەیان لێ بکەن ئەگەر بشڵین، بەڵێ، من ناتوانم بڵێم ڕاست دەکەن".
سەبارەت بە پرسی مووچە و مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ فەرمانبەرانی کوردستان، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی پارتی ووتی: " ئەشهەدوبیلا خەتای تەیف سامی نیە کە مووچە نایات، ئەو وەزیرێکە و من بە برادەرانی ئەولاشم وتوە، یان سەرۆک وەزیران، سەرۆک وەزیران نییە یان ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەن نییە، بە تەنها وەزیرێک ناتوانێت بڕیاڕێکی نووسین بدات ئەنجومەنی وەزیران بڕیار بدات مووچە خەرج بکات، وەزیری دارای ناچارە قبوڵی بکات، چونکە ئەو ئەندامی ئەنجومەنەکەیە".
ڕۆژی ٢٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٤، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا تا ئێستا، حکومەت پێک نەهاتوە، لەگەڵ ئەوەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕەتیان کردەوە بەشداری پێکهێنانی حکومەت بکەن، بەڵام پارتی و یەکێتی لە سەرەتادا سوربوون لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوای چەندین کۆبونەوە نەگەیشتنە ڕێکەوتن، ئێستاش لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وەک دەستکەوتێک باسی پێکنەهێنانی حکومەت دەکات و دەڵێن" ئێمە تەنها بەشدارنین، بەڕێوبەرین"، پارتی دیموکراتی کوردستانیش یەکێتی تۆمەتبار دەکات، بەوەی لە پێناو "پۆست و بەرژەوەندی کەسی" حکومەتیان پێکنەهێناوە، لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵی دادگەری کوردستان داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەکات.