وەزیری پەروەردە: خوێندن لە سەرجەم قوتابخانەکان ڕاگیراوە

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند'' بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن، قوتابخانەکانیان رادەستی کۆمیسیۆن کردووە. ''

پێنجشەممە ٦ی تشرینی دووەم، ئالان حەمە سەعید، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد، ئەو گۆڕانکارییانەی لە پرۆگرامی خوێندن کراوە جیاوازی لەسەر دروست دەبێت و هەندێکجار مامۆستاش تێبینی لەسەر دەبێت.

وتیشی'' ئێمە کاتێک گۆڕانکاری لە پرۆگرامی خوێندن دەکەین، هەتا ساڵێکیش چاوەڕێی فیدباکی مامۆستایان و پسپۆڕان و شارەزایانین.'' 
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم قوتابخانەکانیان رادەستی کۆمیسیۆن کردووە، بۆیە دەوام لە هەموو قوتابخانەکان وەستاوە. 

 لەلای خۆشیەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە سەرجەم زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگاکان کرد، بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕێکەوتی ١١ی تشرینی دووەم هیچ تاقیکردنەوەیەک لە ڕۆژانی ٩ تا ١٢ی مانگ دانەنێن.

ئەمە لە کاتێکدایە، هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت. رۆژی ٩ی مانگ دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانی گشتیی ئەنجامدەدرێت. 




PM:01:15:06/11/2025