کۆمسیۆنی: لە ڕێگای ئەپڵیکەیشنی تایبەتەوە، ئەنجامی هەڵبژاردن بڵاودەکەینەوە

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، باس لەوە دەکات کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ڕێگای ئەپلیکەیشنێکەوە، بڵاو دەکەنەوە.

پێنج شەممە، ٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "ئەپڵیکەیشنەکە لە هەموو وێستگەکانی دەنگدان دەبێت و ئەو بارکۆدەی تێدا دەبێت کە لەسەر شریتی دەنگدانی ئەو وێستگانە هەیە، دەکرێت ئەنجامی دەنگدان لە رێگەی ئەو ئەپڵیکەیشنەوە لە سەرجەم وێستگەکان کۆبکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەنجامەکان بە تەواوی بزانرێت".

ئەپڵیکەیشنەکە بە ناوی IHEC-IQ بۆ هەردوو سیستمی ئایفۆن و ئەندرۆید بەردەستە و دەتوانرێت لە ڕێگای QR زانیارییەکان وەربگیرێن. 

لە عێراقدا زیاتر لە ٤٣ هەزار بنکەی دەنگدان بۆ دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕۆژی ١١ تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ئامادەکراوە، بە پێی ڕێکارەکانی کۆمسیۆن لە دوای ٢٤ کاتژمێر لە هەڵبژاردنی گشتی، ئەنجامی بەرایی ڕادەگەیەنن.




PM:07:27:06/11/2025