دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق: شەمە کاتژمێر حەوتی بەیانی بانگەشە دەوەستێت

دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق ڕایگەیاندوە، کە  ڕۆژی شەممە ٨ تشرینی دووەم، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕادەوەستێت و بڕیاری قەدەغەی بانگەشەی میدیایی بۆ هەڵبژاردن دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پێنج شەممە، ٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، نوسراوێک لە لایەن دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە و سەبارەت بە قەدەغەی بانگەشەی میدیایی لە کاتژمێر حەوتی بەیانی ڕۆژی شەممەوە(٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥)، تا داخستنی بنکەکانی دەنگدان، بەردەوام دەبێت، لە نوسراوەکەدا هاتوە کە ئامانج لەم بڕیارە مسۆگەرکردنی هەڵبژاردنێکی پاک و بێ لایەنانەیە، کە  دووربێت لە کاریگەریی بانگەشەی کۆتایی لە لایەن بەربژێرەکان و لیستەکانەوە.

 دەستەکە داواش لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات ببنە هاوبەشێکی نیشتمانی لە سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بە پابەندبوون بە رێوشوێنەکانەوە و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ دەنگدەران، تاوەکو بتوانن بە دوور لە بانگەشە بڕیارەکانیان بدەن.

بانگەشەی هەڵبژاردن لە ٣ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە تەواوی عێراقدا دەستی پێکردوە و  ٢٤ کاتژمێر بەر لە دەنگدانی تایبەت، کە لە  ٩ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ئەنجام دەدرێت، ڕادەگیرێت. ڕۆژی ١١ تشرینی دووەم هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوە دەچێت.




PM:08:05:06/11/2025