نارین بڕیار کچێکی کوردە، توانی ڕێژەی لە ٥١٪ دەنگەکان بەدەست بهێنێت و ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی بێڵڤیو لە ویلایەتی واشنتن لە ئەمریکا، بەم سەرکەوتنەش نارین بوە یەکەم کچی کورد کە ببێتە ئەندامی ئەنجومەنەکە.
نارین بڕیار، کچێکی خەڵکی هەڵەبجەیە و لە ویلایەتی تەکساس لە ئەمریکا لە دایکبوە، بەر لە هەڵبژاردنەکە بانگەشەی بەم شێوەیە دەکرد: "من خۆم بۆ ئەنجومەنی شار کاندید دەکەم بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کوالیتی بەرزی ژیانمان دەپارێزین لە هەمان کاتدا بە بیرکردنەوەوە گەشەکردن بەڕێوەدەبەین، پشتگیری کۆمەڵگاکانی گەڕەکەکانمان دەکەین، و پاراستنی ئەوەی کە بێلڤیو تایبەت دەکات"، نارین سەرکەوت و توانی لە ٥١٪ دەنگەکان بەدەست بهێنێت.
نارین وەک چالاکوانی مافی مرۆڤ کاریکردوە و بەکارە مرۆییەکانی ناسراوە لەسەر پرسی کەمینە ئاین و نەتەوەیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بوون بە ململانێی کورد و ئاینی ئێزدی و ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا و ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل، کارەکانی زیاتر لە چوارچێوەی کاریگەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بوە، نارین بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە لە زانکۆی بۆستن.
شارەوانیی بێڵڤیو سێیەم گەورەترین شارەوانیی ناوچەی سیاتڵە لە ویلایەتی واشنتن، بەپێی سەرژمێری ٢٠٢٠، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە ١٥١ هەزار و ٨٠٠ کەس.