سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی دەڵێت: "بەهۆی یاساکەوە بیرمان لە بایکۆتکردن کردەوە، ئەو یاسایەی کە هەڵبژاردنی پێدەکرێت، یاسایەکی ستەمکارانە و نادادپەروەرانەیە".
پێنج شەممە، ٥تشرینی دووەم ٢٠٢٥، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی شەمس کرد و لەسەر پرسی هەڵبژاردن و دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق قسەی کرد، سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ووتی: "دیاریکردنی کورسی پارێزگاکان لەسەر بنەمای فۆرمی خۆراک کراوە، بۆیە ئەم کورسییانە راستەقینە نین و بۆ دۆخی ئێستا گونجاو نییە و هیچ بەرەپێشچوونێک بەرهەم ناهێنێت، بۆ ئەوەش بیرمان لە بایکۆت کردەوە، بەڵام دوایی بۆمان دەرکەوت هاوکارانمان، برایانمان لە شیعە و سوننەش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەو یاسایە بەکەڵک نایەت، دوای ئەوەی زانیمان ئەو نیەتە هەیە لە بەغدا، بۆیە بڕیارماندا بەشداری هەڵبژاردن بکەین".
هەروەها سەرۆکی پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق ڕایگەیاند: " بۆئەوەی هێزی پارتی پێشانی ئەوانی دیکە بدەین، پێش هەڵبژاردن هاوپەیمانیمان ئەنجام نەدا، شتێکی ڕەوا نییە پێش هەڵبژاردن هاوپەیمانی دروست بکەین، لەدوای هەڵبژاردن دیاری دەکەین کە لەگەڵ کێ هاوپەیمانی بکەین."
١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لە ماوەی بانگەشەدا سەرۆکی پارتی چەند کۆبونەوەیەکی ئەنجامداوە و بڕیارە لە کۆتا ڕۆژی بانگەشەشدا، ئەمڕۆ ٧ تشرینی دووەم، بەشداری بانگەشەی حزبەکەی بکات لە شاری هەولێر.