ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە لە کانتۆنی جزیرە، ئاڵدار خەلیل، دەڵێت " ئێمە بۆ سەرکەوتنی ڕێککەوتنی ١٠ ئازار جدیین، بەڵام حکومەتی کاتی، کاتەکە درێژ دەکاتەوە و لە بەرپرسیارێتی و جێبەجێکردن ڕا دەکات".
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی جزیرە، ڕۆژی ٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، ڕایگەیاند" حکومەتی سوریا لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ١٠ ئازار ڕادەکات و نابەرپرسیارە، دەبێت دەستووری بنەڕەتی بگۆڕدرێت و مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریای تێیدا مسۆگەر بکرێت و بنەمای پێکەوەژیان جێبەجێ بکرێت، لە پاڵ ئەوەشدا دەبێت کێشەی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا چارەسەر بکرێن و ڕۆڵێکی سەرەکییان لە ناوچەکەدا هەبێت".
ڕێککەوتنی ١٠ ئازاری ٢٠٢٥ لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، سەرۆکی کاتی سوریا ئەحمەد شەرع واژۆکرا، بەڵام تا ئێستا ڕێکەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێنەکراوە.