کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەنەکانی عێراق ڕایگەیاند، سبەینێ کاتژمێر ٧:٠٠ بەیانی، قۆناغی بێ دەنگی هەڵبژاردنە و بانگەشە دەوەستێت.
هەینی، ٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، کۆتایی بەو بانگەشە ٣٥ ڕۆژیە دێت کە لە ٣ تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردوە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات، کە سبەینێ کاتژمێر ٧:٠٠ بەیانی قۆناغی بێدەنگی بەربژێر و لیستەکان دەست پێدەکات و پێویستە هەمووان پابەندبن بە یاسا و ڕێکارەکانی کۆمسیۆنەوە و بانگەشەکانیان ڕابگرن، وە هەر کەس پابەند نەبێت و بەردەوام بێت لە بانگەشە ڕوبەڕووی سزا دەبێتەوە تا ئاستی دورخستنەوە.
هەروەها کۆمسیۆن، ئەوەش دەڵێت، کە ئەوان بە وردی و چڕی چاودێری هەموو بەربژێر و لایەنە سیاسیەکان دەکەن، لە هەبوونی هەر سەرپێچیەکدا بە زوترین کات سکاڵا تۆمار دەکرێت.
ڕۆژی ٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکرد و تا سبەی بەیانی کاتژمێر ٧ بەردەوام دەبێت، ئەمڕۆ بەشێكی زۆری بەربژێر و پارتە سیاسیەکان بە بەشداری سەرۆکی حزبەکان لە هەرێمی کوردستاندا بانگەشەی کۆتایی هەڵبژاردن دەکەن، ٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ دەنگدانی تایبەت بەڕێوە دەچێت و لە ڕۆژی ١١ تشرینی دووەمیشدا دەنگدانی گشتی ئەنجام دەدرێت، دوای ٢٤ کاتژمێر لە هەڵبژاردن کۆمسیۆن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕادەگەیەنێت.