بارزانی بۆ یەکێتی: بۆ پێکهێنانی حکومەت ئەو هەلومەرجەی پێش هەڵبژاردن گونجا ، دوای هەڵبژاردن بەو شێوەیە نابێت

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە گەورەترین کەرنەڤاڵی حیزبەکەی لە هەولێر وتارێکی پێشکەش دەکات و ڕایگەیاند'' ئەزانین گۆڕانكاری بەسەر كورسیەكانی پەرلەمانی عێراق نایات، چونكە پێشتر دەستنیشان كراون، پەیامی ئەرێنیمان پێگەیشت كە رەنگە ئەم هەڵبژاردنە رێگا خۆشكەر دەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی بگەڕێینینەوە بۆسەر راستەرێی خۆی.''

مەسعود بارزانی هەینی ٧ی تشرینی دووەم، لە درێژەی وتارەکەی باسی لەوەشکرد، دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، داوامان لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کرد حکوومەتێکی بنکەفراوان پێکبهێنن، بەڵام بەشی زۆری لایەنەکان ئۆپۆزسیۆنیان هەڵبژارد، لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کەوتینە گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.

وتیشی'' پارتی و یەکێتیی لەسەر دوو میحوەر گفتوگۆیان کرد، شێوازی حکوومڕانی و دابەشکردنی پۆست، لەسەر خاڵی یەکەم گەیشتنە ڕێککەوتن، لەسەر خاڵی دووەم هەموو نەرمییەکی نواند، بەڵام بەداخەوە یەکێتیی ویستی کات بکوژێت تا دەگاتە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوکات بیر لەوە بکەنەوە بێنە ناو حکوومەت، بەڵام ئەو هەلومەرجەی پێش هەڵبژارردن هەبوو، دوای هەڵبژاردن نامێنیت.'' 
مەسعود بارزانی دەڵێت'' پارتی بەرچاوی ڕوونە و دەزانی چی دەکات و داوای چی دەکات، ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە ئەم دەرفەتەی ڕەخساند لەگەڵ دۆستان و هاوخەباتمان، بتوانین چارەسەری بارودۆخەکە بکەین و پرۆسەی سیاسی بگەڕێتەوە ڕێگەی ڕاستی خۆی، ئەمە بەرنامەی پارتی دەبێت بۆ داهاتوو،  یەکەم: یاسای هەڵبژاردن دەبێت بگۆڕدرێت بگەڕێتەوە بۆ یەک بازنەی لەسەر بنەمای لیستی حزبی یاخود لیستی نیمچە کراوە، ئەم یاسایەی ئێستا، یاسایەکی نادادپەرەوەرە، یاسایەکە مافی هەموو لایەک ون دەکات، تەیا چەند لایەک کە بە ئارەزووی خۆیان دایان ڕشتووە، لەبەر ئەوە ئەم یاسایە بە کەڵک نایەت و کارێکی جددی دەکەین ئەم یاسایە بگۆڕدرێت.''

ڕاشیگەیاند'' هیچ ڕەوا نییە کورسییەک لە هەولێر بە ٤٠ هەزار دەنگ بێت، ڕێژەی بەشداربووان ٧٠ بۆ ٨٠ لە سەد بێت، بەڵام لە پارێزگایەکی دیکەی عێراق، لە باشووری عێراق هەمان کورسی بە دوو هەزار دەنگ بێت، ڕێژەی بەشداربووانیش سەدا ٢٠ کەمتر بێت. '' 





PM:03:44:07/11/2025