کۆمسیۆن: دەنگدەرانی تایبەت دڵنیا دەکەینەوە، دەنگیان بە نهێنی دەمێنێتەوە

بە پێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵیژاردنەکانی عێراق، سبەی ملیۆنێک و ٣١٣ هەزار و ٩٨٠ دەنگدەر لە هێزە چەکدارەکان لە عێراقدا بەشداری دەنگدان دەکەن.

شەممە، ٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، زانیاری سەبارەت بە دەنگدانی تایبەت، کە بڕیارە لە سبەینێدا ٨ تشرینی دووەم، بەڕێوەبچێت بڵاوکردوەتەوە، بە پێی زانیارییەکانی کۆمسیۆن، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت تەواوکراون و سبەی کاتژمێر ٧:٠٠ بەیانی دەنگدان دەست پێدەکات تا کاتژمێر ٦:٠٠ ئێوارە بەردەوام دەبێت.

بە پێی ئامارەکانی کۆمسیۆن، جگە لە هێزە چەکدارەکان کە ژمارەیان ملیۆنێک و ٣١٣ هەزار و ٩٨٠ دەنگدەرە لە عێراقدا، سبەی ٢٦ هەزار و ٥٣٨ ئاوارە لە عێراقدا مافی دەنگدانیان هەیە.

بە گشتی دەنگدەرانی تایبەت لە ٨٠٩ ناوەند کە چوار هەزار و ٥٠١ وێستگە لە خۆدەگرێت بەسەر ١٩ بازنەکەی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دابشبوون و دەنگ دەدەن.

هەروەها ٢٦ ناوەند و ٩٧ وێستگەی دەنگدانیش ئامادە کراون بۆ ئەو ئاوارانەی مافی دەنگدانیان هەیە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دڵنیای دەدات بە هێزە چەکدارەکان، کە دەنگەکانیان بە نهێنی دەمێنێتەوە و کۆمسیۆنیش نازانێت دەنگیان بە کێ داوە، و دەنگدەر تەنها دەنگەکەی هەژمار دەکرێت نەک ناسنامەی کەسی.

دوای دەنگدانی تایبەت بڕیارە ڕۆژی ١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ دەنگدانی گشتیش بەڕێوەبچێت. 





PM:02:12:08/11/2025