کەشناسێك: لە ١٦ی ئەم مانگەوە باران بارین دەست پێدەکات

کەشناس، ئاراس جەبار، دەڵێت" ڕۆژانی ١٦ و ١٧ ئەم مانگە شەپۆلێکی باران بارین ڕودەکاتە هەرێمی کوردستان و عێراق، شەپۆلەکەی ناوەراستی ئەم مانگە جێگیربووە و بە کاریگەری دوو نزمە پاڵەپەستۆیە".

هەینی، ٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، ئاراس جەبار، سەبارەت بە پێشیینی باران بارین لەم مانگەدا، ڕایگەیاند "شەپۆلەکەی ناوەراستی ئەم مانگە جێگیربووە و بەکاریگەری دوو نزمەپاڵەپەستۆیە، یەکەمیان لە دەریای ناوەراستەوە و دووهەمیان دەریای سوور، رۆژانی ١٦ و ١٧ـی مانگ عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و بەگشتی شەپۆلێکی باش و مامناوەندی بارانبارینە لەگەڵ چالاکبوونی هەورە بروسکە و لەهەندێ ناوچەش بارانی بەخوڕ ئەبارێت".

ئەو کەشناسە زانیاری لەسەر گومانەکانی باران نەبارین خستۆتە ڕوو،  وتویەتی " پاش ماوەیەکی زۆر لەدواکەوتنی باران و درێژەی وشکی هەوا لە کەشی ناوچەکەدا، ئەمەش هەندێ گومانی دروستکردبوو کە گوایە وڵاتانی دەوروبەر رێگری دەکەن لە هاتنی بارانبارین بۆ ناوچەکانمان لەکاتێکدا سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە لە تورکیاوە بۆ سوریا و عێراق و سعودیە و ئێران لەهەمان باروودۆخدان و پلانگێریەکی لەو جۆرە بوونی نیە و تەنانەت ئاسەواریشی دیار نیە".

دوێنێ ٧ تشرینی دووەم ، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ووتی، " بەهۆی نەباراینی باران، تاران کەتووتە بەردەم مەترسییەکی گەورەی بێئاوی و ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و باران نەبارێت، ناچار دەبین تاران چۆڵ بکەین".

مانگ و نیوێک بەسەر وەرزی پایزدا تێپەڕیوە و تا ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا باران بارین دەست پێنەکردوە.




PM:05:21:08/11/2025