کەناڵی زووم: چاوەڕوانبن، دەستپێدەکەینەوە، ئەم شەو

کەناڵی زووم، لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردوەتەوە کە ئەم شەو کاتژمێر ٩:٠٠ دەستپێدەکەنەوە.

 لە دوای ڕوداوەکانی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥ و هێرشکردنە سەر لالەزار، کەناڵی زووم  لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی یەکێتیەوە داخرا، شەممە، ٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، کەناڵی زووم، لە لاپەڕەی کەناڵەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بڵاویان کردوەتەوە کە ئەم شەو کاتژمێر ٩:٠٠ دەست پێدەکەنەوە.

سەبارەت بە شێوازی پەخش و چۆنیەتی دەستپێکردنەوەیان و پاڵپشتیەکان بۆ کەناڵەکە، سپی میدیا پەیوەندی کرد بە بەڕێوبەری کەناڵەکەوە، هێمن مەحمود، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکەی نەدایەوە.

سپی میدیا لەگەڵ یەکێک لە کارمەندەکانی کەناڵەکە قسەی کرد و ووتی" کە تا ئێستا هیچ شتێک بە ئێمە نەوتراوە کە بچینەوە بۆ دەوام، و پێ دەچێت تەنها پەخشەکە لە تۆڕە کۆمەڵایتیەکان بێت".

کەناڵی زووم لە ٢٥ حوزەیرانی ٢٠٢٤ دەستی بە پەخشکرد، بە دروشـی "زووم بێ لایەن نییە، لایەنگری خەڵکە"، لە دوای هێرشکردنە سەر لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و دەستگیرکردنی و شەڕی لالەزار، یەکێک لەو شوێنانەی دیکە کە هێرشی کرایە سەر لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی یەکێتیەوە، کەناڵی زووم بوو و دەست بەسەر کەل و پەلی دامەزراوەکەدا گیرا، لە ٢٢ ئابی ٢٠٢٥ وە پەخشی کەناڵەکە وەستا.

بەڕێوبەری کەناڵی زووم، هێمن مەحمود، لە ٦ ئەیلولی ٢٠٢٥، ڕایگەیاند " کەناڵەکە موڵکی منە، بە ناوی منەوەیە و پەیوەندی بە کەسەوە نییە، بەو شێوەیە، ئەمڕۆ ئۆفیسی کەناڵەکەمان وەرگرتەوە، بەڵام هەمووی تێکدراوە و هیچ ئامێرێکی بەکەڵک نەماوە. وەک ئەوە وایە کەناڵێکی نوێ دابنێینەوە".




PM:06:04:08/11/2025