وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت "دەنگدەر، بەربژێر، بریکاری پارت و هاوپەیمانییەکان، دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن لە سەر پرۆسەی دەنگدان وجیاکردنەوەی دەنگەکان".
شەممە، ٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەبارەت بە شێواز و مەرجی تۆمارکردنی سکاڵا، ڕایگەیاند "فۆرمێکی تایبەت بە سکاڵا لە ناو بنکەکانی دەنگدانی تایبەت و گشتی، ئۆفیسی دەستەی هەڵبژاردنی کۆمسیۆن، ئۆفیسی پارێزگاکان و ئۆفیسی وردبینی ناوەندی هەیە، پێویستە سکاڵاکە بە نوسراو پێشکەش بکرێت و ئەم زانیاریانەی تێدابێت(ناو، واژۆ، ناونیشان، هۆکاری پەیوەندی بە کەسی سکاڵاکار) و دەبێت سکاڵاکە لە ماوەی دوو ڕۆژدا تۆمار بکرێت.
دەربارەی ڕێکارەکانی بەدواداچوون بۆ سکاڵاکە، وتەبێژی کۆمسیۆن وتویەتی "پێویستە سکاڵاکار بە چاوی خۆی پێشێلکارییەکەی بینیبێت و شایەتی لەلایەن بەڕێوبەری وێستگەوە بۆ بدرێت، و ئەنجومەنی کۆمسیاران سەرپەرشتی پێکهێنانی لیژنەیەک دەکات و بە دواداچوون دەکەن".
کۆمسیۆن، دەنگدەران ئاگادار دەکاتەوە کە سێ جۆری سکاڵا هەیە لە کاتێکدا ویستیان سکاڵا تۆمار بکەن بە پێی ئاستی مەتریسان سکاڵاکان پۆلێنکراون، ئەوانیش:
-سکاڵای زەرد: ئەم سکاڵایە، مەرجی شێوەیی و بابەتیەکانی تێدا نیە و ڕەت دەکرێتەوە.
-سکاڵای سەوز: سەرپێچی فەرمانبەرانی کۆمسیۆن، بانگەشەی دەنگدان لە ڕۆژی دەنگدان، سەرپێچی هێزە ئەمنییەکان، کە ئەم جۆرە لە سکاڵا کاریگەری لەسەر ئەنجامی دەنگدان نییە.
-سکاڵای سور: بابەتی سەرپێچی مەترسیداری تێدایە و کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت لە کاتی سەلماندنی.
سبەی ٩ تشرینی دووەم، دەنگدانی تایبەت بە بەشداری یەک ملیۆن ٣١٣ هەزار و ٩٨٠ دەنگدەر بەڕێوەدەچێت و ڕۆژی ١١تشرینی دووەم دەنگدانی گشتی کە تیایدا٢٠ ملیۆن و ٦٦ هەزار و ٧٧٣ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، ئەنجام دەدەرێت.