ئەندامێکی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە، ئاشكرایدەکات، وەزیری دەرەوەی تورکیا باوەڕی بە پڕۆسەی ئاشتی نییە و بەڕوونی دژایەتی دەکات و کێشە دروست دەکات.
سۆزدار ئاڤێستا، شەممە ٨ی تشرینی دووەم، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند'' ئەو شتەی پێوستە بکرێت، ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆیە بە شێوەیەکی جەستەیی، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا بڕیاریان داوە کە ''مافی هیوا'' پێکبهێندرێت، هەروەها دەبێت هەزاران کەس لەو مافە سوودمەند بن. بەڵام مافەکە لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا لەباربردراوە، بۆ ئەوەی ئەمە جێبەجێ بکرێت، دەبێت یاسا دەربکرێت.''
وتیشی'' وادیارە هاكان فیدان قەناعەتی بەو پرۆسەیە نییە، یان بە ئەنقەست دەیەوێت دژایەتییەك دروست بكات،وێڕای ئەوەش دەڵێت پێویستە پەكەكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربچێت، دەشڵێت پێویستە سوریا، ئێران، عێراق بەجێبهێڵێت. چی ڕوودەدات؟ نەك پەكەكە، با كورد بڕوات.''
سۆزدار ئاڤێستا دەڵێت'' ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی ژنانی کوردستان، لە هەموو بوارەکاندا بە چالاکی پێشوازی لە ٢٥ـی تشرینی دووەم دەکەین، ڕۆژێکی سیمبوڵییە، وەک ژن دەبێت ڕۆژەکانمان ڕێکبخەین، نەک تەنها تا ٢٥ـی تشرینی دووەم، دەبێت هەموو ڕۆژەکانمان بە هۆشیاری و لە خەبات و تەباییدا بەسەر بەرین، پێویستە بەرگری سروشتی خۆمان دروست بکەین.''
جەختیشی کردەوە لەوەی '' وەک تەڤگەری ئازادیی، ڕۆژەڤی سەرەکیمان ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە، تا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر نەکرێت هیچ پرۆسەیەک سەرناکەوێ، بۆیە ڕێپێوانی کۆڵن کاریگەری خۆی هەیە.''
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە بناری قەندیل پارتی کرێکارانی پەکەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی رۆژنامەنوسان بڵاویکردەوە کە هێچەکانی خۆی لە سنوورەکانی تورکیا دەکشێنێتەوە و وتی" هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی لە چوارچێوەی بانگەوازی ٢٧ـی شووباتی ڕێبەر ئاپۆ و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکە نا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە قەندیل، ڕاگەیاندراوی هەنگاوە مێژووییەکە خوێندرایەوە."