دەمیرتاش داوا دەکات هیچ لایەنێک واز لە پڕۆسەی ئاشتی نەهێنێت

هاوسەرۆكی پێشوی هەدەپە داوا لە عەبدوڵا ئۆجەلان و بەرپرسانی باڵای تورکیا دەكات واز لە پڕۆسەی ئاشتی نەهێنن. 

سەلاحەدین دەمیرتاش، شەممە لە پلاتفۆڕمی  ئێکس بڵاویكردەوە'' ئەوانەی لە شاخن و ویستی چەکدانانیان هەیە، دەیانەوێت ئۆجەلانی رێبەریان ببینن و دڵنیابن لەوەی گەڕانەوە بۆ سیاسەت دەکرێت رووبدات، دەیانەوێت بزانن دەوڵەت دڵسۆز و جدییە لەم بابەتەدا بۆ ئەوەی بەتەواوەتی چەکەکانیان دابنێن".

وتیشی'' وەک برا و سیاسەتمەدارێک لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پەیوەندیدا دەبێت بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی.'' 
داواش لە ئۆجەلان، ئەردۆگان و باخچەلی دەکات كە وازنەهێنن و ٨٦ ملیۆن کەس بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئاشتین.

دەمیرتاش داوای لە لیژنەكەی پەرلەمان كرد كە بۆ چارەسەری كێشەی كورد دروستكراوە، هەوڵێکی بچوک بدەن و بچنە دورگەی ئیمرالی بۆ کۆتاییهێنان بەو بابەتە. 

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە  ٤تشرینی دووەمی ٢٠١٦ـەوە دەستبەسەرکراوە  و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا تاوەکو ئێستا سێ جار بڕیاری داوە کە زیندانیکردنی دەمیرتاش پێشێلکاریی مافەکانییەتی و دەبێت ئازادبکرێت، بەڵام دادگاکانی تورکیا داواکارییەکانیان ڕەتکردوەتەوە بە بیانوی ئەوەی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا یەکلاکەرەوە نەبوون و دەمیرتاش لە دادگاکانی تورکیا ٤٧ دۆسیەی تاوانی بۆ دروستکراوە.




PM:08:35:08/11/2025