ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ڕایگەیاند'' ئازادی من لە ئازادی گەلی کورد جیاناكرێتەوە و كاتێك كە دەڵێین ئازادی، مەبەستمان ئاشتی و دیموکراسی و هاوڵاتیبونی یەکسانە.''
عەبدوڵا ئۆجەلان، پەیامێكی ئاراستەی ڕێپێوانی "ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" لە کۆڵن كرد كە ئەمڕۆ شەممە ٨ی تشرینی دووەم بەڕێوەچو، تێدا هاتووە'' سەرباری ناوبڕ و پچڕانەکان، ئێمە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە، هەوڵ بۆ ئاشتی و چارەسەر دەدەین.''
وتیشی'' سەرەڕای هەمو هەوڵەکانمان، هەردەم هیوا لە نیوەی ڕێدا جێهێڵراوە، بەڵام ئەمڕۆ بە هەنگاوەکەمان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕۆحی بەبەردا دێتەوە و دەبوژێتەوە".
ئۆجەلان جەختیشیکردەوە لەوەی'' ئەم هەنگاوە زۆر گرنگە، تەنها بۆ ئازادیی من نییە، بەڵکو بۆ چارەسەری دیموکراتیکی دۆزی کورد و تێکۆشانی ئاشتییەکی شکۆدارە. ئازادیی من، دانەبڕاوە لە ئازادیی گەلی کورد، كاتێك دەڵێین ئازادی، مەبەستمان ئاشتی و دیموکراسی و هاوڵاتیبونی یەکسانە".
ئەمە لە کاتێکدایە، ساڵی ١٩٩٩عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە لە وڵاتی کینیا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا و تورکیا و ئیسرائیل دەستگیر کرا، ساڵانە لایەنگرانی پەکەکە خۆپیشاندان دەکەن و داوا دەکەن ڕێبەرەکەیان ئازاد بکرێت.