بەهۆی قەرەباڵغی لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدانی قەرەهەنجیر گرفت دروستبووە و دەرگای بنکەکە بەڕووی هێزە ئەمنییەکان داخراوە.
بە پێی زانیارییەکان بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و زۆری دەنگدەر لە بنکەیەکی دەنگدانی تایبەت لە قەرەهەنجیر گرفت دروستبووە و دەنگدەران ناتوانن بە ئاسانی دەنگ بدەن.
تاوەکو ئێستا کێشەکە چارەسەر نەکراوە، هەر بۆیە دەرگای بنکەی دەنگدان بەڕووی هێزە ئەمنییەکان داخراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت، ڕۆژی سێشەممەش ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەدەچێت.
بە وتەی جومانە غەلای، زیاتر لە ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار کەس لە رۆژی دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ، حەوت هەزار و ٧٦٨ بەربژێر کێبڕکێ لەسەر ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن، کە پێنج هەزار و ٥٢٠ بەربژێرییان پیاو و دوو هەزار و ٢٤٨ـیان ژنن، لە کۆی ٤٦ ملیۆنی دانیشتووانی عێراقیش تەنیا نزیکەی ٢١ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، لەکاتێکدا نزیکەی حەوت ملیۆن کەس ناتوانن بەشداری دەنگدان بکەن، بەهۆی نوێنەكردنەوەی زانیارییەكانیان.