هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات کە ئەو قسانەی کە لە کەنالێکی پاررتی کردت ناحەقییە بەرامبەر بە باوکم و دەشڵێت" نووسینەکەت بۆ داپۆشینی هەڵەکانی حوکمرانی ٣٠ ساڵەتانە".
لە نوسینێکدا کە تایبەت بۆ ماڵپەڕی سپی میدیای ناردووە. هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد وەڵامی فازڵ میرانی دەداتەوە.
لەو وڵامەدا کە دەقەکەی لە خوارەوە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت" لەو چاوپێکەوتنەی کەناڵی کوردستان ٢٤ لەگەڵتدا ئەنجامیدا، هەموو فێڵتەرەکانی رێز مۆراڵی سیاسی بەلاوەنا و هەرچی لە دڵیا بوو، كه زۆربهی زادهی دهیان ساڵ قینی كهڵهكهبووی پێ پاساوه، وتت".
لە بڕگەیەکی تردا دەڵێت" ئێوە ئەمڕۆ جوێن بەیەکتر ئەدەن، بهداخهوه، پیرۆزتان بێت، بەڵام سبەی دەست ئەکەنە ملی یەکتری، وەک ئەوەی نە باتان دیتبێت نە باران. ئێوە کە وەهان، زۆر عەیبە باسی کەسێک ئەکەن کە نه لە دوورەوە و نە لە نزیکەوە پەیوەندی بە دۆخی ئەمڕۆوە نەبووە و تەنانەت یەک ڕۆژیش ئەندامی یەکێیتی نیشتیمانی کوردستان نەبووە،و ئێستاش كه خۆی له ژیاندا نهماوه تا رێ له پهلاماری چهواشهكارانه بگرێت و بهرگری له خۆی بكات، ناوهێنانی بۆ داپۆشینی كۆمهڵێك پرسیاری بێ وهڵام، لهلایهن كاك فازیلهوه، سهركۆنه دهكهم.".
دەقی نووسینەکەی هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد:
دوێنێ (٨-١١-٢٠٢٥) سەیری چاوپێکەوتنەکەی کاک فازل میرانیم ئەکرد لە تەلەفزیۆنی کوردستان ٢٤.
کە گوێم لەم سیاسەتمەدارە ٧٧ ساڵەیە ئەگرت، کە نزیکەی ٥٩ ساڵە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەم هەموو ئایەتەی قورئانی پیرۆز، حەدیس و شیعرە عەرەبیە ئەخوێنێتەوە، کە دەیوت ئێمە بۆ بەرژەوەندی هەموو کورد لەبەغدا کار ئەکەین. تەنانەت لە ووڵامی پرسیارە هاندەرەنەکانی حاکم فەرهادیش سەبارەت بە قسەکانی بافڵ تالەبانی، سەرەتا وەک سیاسەتمەدارێک و کەسێکی خوێندەوار و بەئەزموون، لەسەر خۆ و بەئارامی، بەرگری لە حیزبەکەی ئەکرد. لەدڵی خۆمدا ووتم سوپاس بۆ خوا، ئەوە کورد فێری ووڵامدانەوەی سڤیل بووە و سەرەڕای هەموو کێشەکان، بۆ چهند چركهیهك وا دهردهكهوت خەمی سەرەکی کاک فازیل و حیزبەکەی یەکڕیزی کوردە لە بەغدا و تێکۆشانە لە پێناوی بەدیهێنانی مافی کورد.
بەداخەوە، هەر دوای چەند چرکەیەک، دوای ئەوەی حاکم فەرهاد (به ویستی خۆی یان لهسهر رێنمایی حزبه تازهكهی) ئاگرەکەی خۆشکرد، کاک فازیلیش هەموو فیلتەرەکانی رێز و مۆراڵی سیاسی بەلاوەنا و هەرچی لە دڵیا بوو، كه زۆربهی زادهی دهیان ساڵ قینی كهڵهكهبووی پێ پاساوه، ووتی.
ئهگهرچی، ئاساییه له هەڵمەتی هەڵبژادندا هیرش بكرێته سەر یەکتر و کەمووکوڕی یەکتر باسبكهن و لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا ئەمە هەیە، بهڵام ئەوەی کە سەرودڵی گرتم و ڕای گۆڕیم لەسەر کاک فازیل، ئەوەبوو کە لە وڵامی پرسیارێکدا لەسەر قسەکانی بافڵ تالەبانی، کە لە دوا چالاکی هەڵمەتی هەلبژاردندا بهرامبهر پارتی كردبووی، کاک فازیل گەڕایەوە نەک بۆ چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، نەک بۆ سەرەتای سەرۆکایەتی بافڵ تالەبانی، کاک فازیل میرانی گەڕایەوە بۆ ١٩٦٣ (واتە ٦٢ ساڵ لەمەوبەر!)، ئەوەی کە خوێنیشی کوڵاندم ئەو ناهەقییە بوو کە کاک فازیل بەرامبەر باوکم کردی.
زۆر بەئاسانی منیش دەتوانم لاپەڕە زەردەکانی مێژوو هەڵبدەمەوە، کە زۆریشم لایە. زۆربەی ئەرشیفی باوکمم لایە بەوردەکارییەکی زۆرەوە. بەڵام ئەگەر وا بکەم، ئەوا لە کاک فازیل خرابترم.
ئێوە ئەمڕۆ جوێن بەیەکتر ئەدەن، بهداخهوه، پیرۆزتان بێت، بەڵام سبەی دەست ئەکەنە ملی یەکتری، وەک ئەوەی نە باتان دیتبێت نە باران. ئێوە کە وەهان، زۆر عەیبە باسی کەسێک ئەکەن کە نه لە دوورەوە و نە لە نزیکەوە پەیوەندی بە دۆخی ئەمڕۆوە نەبووە و تەنانەت یەک ڕۆژیش ئەندامی یەکێیتی نیشتیمانی کوردستان نەبووە،و ئێستاش كه خۆی له ژیاندا نهماوه تا رێ له پهلاماری چهواشهكارانه بگرێت و بهرگری له خۆی بكات، ناوهێنانی بۆ داپۆشینی كۆمهڵێك پرسیاری بێ وهڵام، لهلایهن كاك فازیلهوه، سهركۆنه دهكهم.
با وەک میللەتانی تر هەڵسوکەوت بکەین. با مێژوو بەجێبهێڵین بۆ بهڵگه و مێژوونوسان و ئەم میللەتەی کە بەدرێژایی مێژووی، بە ئێستاشەوە، تەنها بەشی کوشتن و بڕین و برسییەتی و بی دەرامەتی بووە، با زیاتر ناخۆشی نەبینێت.
خەڵک بێزارن لەشەڕەجنێو و هەڕەشە لەیەکتری كردنی ئێوە. خەڵک نانی نییە بیخوات، مووچەی نییە، ئارامی و ئاسایش و ئازادیی سنوورداره، یاسای سەروەر نییە، گهندهڵی بڕستی لێ بڕیووه، خزمەتگەزاری به مهرج پێدهدرێت و، ژینگەكهی پڕكراوه له ژاوهژاو و پیسی و نهخۆشی، و بهنزین و دەرمانی خراپ و گرانە، پهروهرده و نهخۆشخانهكان كراون به پاره، لهم دۆخهدا بۆ داپۆشینی ههڵهكانی حوكمڕانییهكی سی ساڵه و درێژهدان به مافخواردنی خهڵك، "بهرگری له دۆزی كورد" كراوه به كراسی عوسمان ... ئەگەر ڕاست ئەکەن لەسەر ئەم کەموکوڕییانه شەڕەجنێو بکەن. ئەوسا میللەتیش چەپڵەتان بۆ لێ ئەدات!
ئیبراھیم ئەحمەد لە ڕۆژی ٦ی مانگی ٣ی ساڵی ١٩١٤، لەبنەماڵەیەکی ناسراوی شاری سلێمانی لەدایکبووە. ڕەمزی فەتاح کە ئەفسەرێکی کورد بووە، مامی بووە و کاریگەری زۆری لەسەر ڕۆشنبیر بوونی برازاکەی ھەبوو، ھەر بۆیە زوو ڕەوانەی قوتابخانەی دەکات. ئەم کاریگەرییەی مامی، تا قۆناغەکانی دواناوەندی خوێندنی ئیبراھیم ھەر بەردەوام بوو. لە ساڵی ١٩٢٢ لە قوتابخانەی نموونەی سەعادەت لە سلێمانی دەستی بەخوێندن کردووە. لە ساڵی ١٩٢٣ گواستوویەتییەوە قۆتابخانەی لەتیفیە ئینجا چووەتە سەرەتایی یەکەم. پاشان لە ساڵی ١٩٣٢ لە قوتابخانەی ناوەندی سلێمانی بووە بەقوتابی. بەھۆی دەست کورتی ماڵی باوکییەوە مامی گرتوویەتییە خۆی و بردوویەتییە بەغدا. لە ساڵانی ١٩٣٤ – ١٩٣٧ لە شاری بەغداد کۆلێژی ماف (حوقووق) تەواو دەکات و دەبێتە پارێزەر. ماوەیەک خەریکی کاری پارێزەری دەبێت تا ساڵی ١٩٤٢ کاری دادوەری پێ دەسپێردرێ کارەکەی لە ھەولێر و ھەڵەبجە بە مووچەخۆری دەباتە سەر.[٢]
ئیبراھیم ئەحمەد ھاوکات لەگەڵ نووسین، کاری ڕامیاری کردووە و چالاکی و بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی کردووە.
لە ساڵی ١٩٤٨ پاش ئەوەی دەسەڵاتداری ئەو کاتەی عێراق بەربووە گیانی شۆڕشگێڕانی کورد و پارتی دیمکراتی کوردستان، ئیبراھیم ئەحمەد بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک بەندکرا. ئەو کاتەی ئازادکرا تا ھەڵگیرسانی شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ی عێراق ڕێگایی خەباتی نھێنی گرتە بەر.
لە شوباتی ساڵی ١٩٥١ لە میانەی کۆنگرەی دووەمی پارتی لە شاری بەغدا بەکۆی دەنگ، ئیبراھیم ئەحمەد بەسکرتیری گشتی پارتی ھەڵبژێردرا. لە ساڵی ١٩٦١ ئیبراھیم ئەحمەد وەک سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات کاری دەکرد، پێش داخستنی ڕۆژنامەی خەبات و ھەڵگرتنی مۆڵەتی حیزبەکەی لە کۆتایی ساڵی ١٩٦١ ناچاربوو بەغدا بەجێبھێڵێت و خۆی بشارێتەوە. لەگەڵ ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول ڕوویکردووەتە شاخ و لەڕووی ڕامیارییەوە شۆڕشەکەی بەڕێوەبردووە. لە ساڵی ١٩٦٤ لە پارتی جیابووەو تا ساڵی ١٩٧١ سکرتێری باڵی نووسینەگەی ڕامیاری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە پاش ھەرەسی شۆڕشەکە، ڕوودەکاتە ھەندەران و زۆربەی ژیانی لەشاری لەندەنی پایتەختی بریتانیا گوزەراندووە.
ئیبراھیم ئەحمەد لەتەمەنی ٨٦ ساڵیدا لە کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ڕۆژی ٨ی نیسانی ٢٠٠٠ لە لەندەن کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی گوێزرایەوە بۆ سلێمانی و ھەر لەو شارەش نێژرا.