لیژنەی ئەمنی قایمقامی چەمچەماڵ، داوا دەکات ئەو ٤٣ هەزار دەنگدەرەی خەڵکی کەرکوکن و لە سنوری چەمچەماڵ دەژین، بۆ دەنگدانی گشتی بگەڕێنەوە بۆ کەرکوک و ئەوان ماڵەکانیان دەپارێزن.
یەک شەممە، ٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، لیژنەی ئەمنی قەزای چەمچەماڵ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و رایگەیاندوە " ئاگاداری سەرجەم ئەو خێزانانە دەکەین، کە لە پارێزگای کەرکوک دەنگ دەدەن و دانیشتووی چەمچەماڵن، دەتوانن لە ئەمڕۆوە بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان، بۆ ئەو مەبەستە سەرجەم هێزە ئەمنییەکان لە ئەرکدا دەبن و دڵنیایی دەدەین سەر و ماڵیان پارزێراو دەبێت".
هەروەها ڕەمک ڕەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، لە پارێزگای سلێمانی، بە میدیاکانی ڕاگەیاند " ٤٣ هەزار دەنگدەری کەرکوک لە سنورەکەمان دەژین و داوا دەکەین بۆ بەشداری دەنگدانی گشتی بگەڕێنەوە کەرکوک، دڵنیایان دەکەینەوە سەر و ماڵیان پارێزراو دەبێت".
١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچێت.