سەرۆکی لێژنەی ئەمنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند'' تەواو هێزەکان بەیانی خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتیی، هەماهەنگییەکی باشمان هەیە لەگەڵ کۆمیسیۆن.''
قەیس مەحمەداوی، یەکشەممە ٩ی تشرینی دووەم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دەڵێت'' تەواوی هێزەکان بەیانی خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتیی، هەماهەنگییەکی باشمان هەیە لەگەڵ کۆمیسیۆن،هاوکات هەڵبژاردن بەشێوەیەکی شەفاف بەڕێوەچوو.''
ئەو بەرپرسە ئەوەشی ئاشکراکرد، کە بەپێی ئامارە نافەرمییەکان تا ئێستا ڕێژەی بەشداری کردن زیاتر لە ٨٠٪ بووە.
وتیشی'' هێزی تایبەت ئامادەکراوە بۆ چاودێریکردن و گواستنەوەی بۆ بنکەی سەرەکی لە بەغدا، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگیی لە ئاستێکی باڵا دا کراوە، لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کاردەکەین.''
لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و ٣١٣ هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەبوو.