وەزیری بەرگری ئیسرائیل بۆ ئەردۆغان: ئەوەی تۆ ئەنجامیدەدەی کۆمەڵکوژیی دژی کوردە

دوای ئەوەی تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆکی ئیسرائیل دەرکرد، وەزیرێکی ئیسرائیل وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە و دەڵێت'' فەرمانی دەستگیرکردنە گاڵتەجاڕانەت لابە و لێرە بڕۆ. ئەوانە زیاتر بۆ تۆی ئەنجامدەری کۆمەڵکوژیی دژی کورد گونجاوە.''

یسرائیل کاتز،  لە پەیامێکیدا بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە'' تۆ تەنها دەتوانیت لە رێگەی دووربینەوە تەماشای کەرتی غەززە بکەیت.''

وتیشی'' ئەو فەرمانی دەستگیرکردنە گاڵتەجاڕانەت لابە و لێرە بڕۆ. ئەوانە زیاتر بۆ تۆی ئەنجامدەری کۆمەڵکوژیی دژی کورد گونجاوە. ئیسرائیل بەهێز و بوێرە.'' 

ئەمە لە کاتێکدایە، داواکاری گشتی ئەستەنبوڵ رۆژی هەینی ٧ ی تشرینی دووەم ڕایگەیاندووە کە ئەو بڕیارەی دادگاکەیان " لە ئەنجامی ئەو تاوانە سیستماتیکیانەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەزە تا ئێستا ئەنجامی داوە، لەوانە جینۆساید و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی کە بە هەزاران کەس لە نێویاندا ژن و منداڵ کوژراون و هەزاران کەسی دیکەش بریندار بوون و تەواوی شارەکە وێران بووە".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەوانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە هەریەک لە؛ بنیامین نتنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، دەیڤید سەعر، فەرماندەی هێزی دەریایی ئیسرائیل و ئیتامار بن گڤیر.




PM:11:33:09/11/2025