بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، داوا دەکات ئەو کەسانەی خوازیارن موڵک لە چاڤی لاند بکڕن سەردانی بەڕێوبەرایەتیەکەیان بکەن، ئەو کارەش لە پێناو وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەدایە کە کۆمپانیای چاڤی نەیداوە لەبەرامبەر بەکارهێنانی کارەبادا.
دوو شەممە، ١٠ تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی سەبارەت بە وەرگرتنەوەی قەرزەکانی کۆمپانیای چاڤی، ڕایاگەیاند "لەسەر داوای بریکاری داواکار، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی زیادکردنێكی ئاشكراوە هەڵدەستێت بە فرۆشتنی ١٣ موڵک، کە بەناوی کۆمپانیای چاڤیەوەن، ئەویش لە بەرامبەر قەرزی خاوەن قەرز(وەزیری کارەبا)، کە بڕەکەی سێ ملیار و ٥٨٠ ملیۆن و ٧١٠ هەزار دینارە".
هەروەها داوا لەو کەسانە کراوە، کە خوازیاری کڕینی ئەو موڵکانەن، سەردانی بەڕێوبەرایەتیەکەیان بکەن لە ماوەی ٣٠ ڕۆژی داهاتوودا و بارمتەی یاسایی بە ڕێژەی ١٠٪ ـی نرخی خەمڵێندراو و ناسنامەی نیشتمانی و پشتگیری شوێنی نیشتەجێبوون ببەن لەگەڵ خۆیاندا.
لە دوای دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و خاوەنی کۆمپانیای چاڤی، لە ١٢ ئابی ٢٠٢٥ و بڕیاری زیندانیکردنی لە ٢ ئەیلولدا، بۆ ماوەی پێنج مانگ بە هۆی سکاڵای پەرلەمانتارێکی پێشوی جوڵانەوەکەیەوە، یەکێکی دیکە لەو ڕێگایانەی لە بەرامبەر شاسوار عەبدولواحیدا گیرایەبەر فرۆشتنی موڵکەکانی بوو، لە ٥ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بەشێک لە موڵکەکانی ناو چاڤی کە ژمارەیان ٦٠ موڵک بوو بوو لە لەیەن وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە فرۆشران.