کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ڕایگەیاند "ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە باس لە ڕێکەوتنی نێوان ئێمە و یەکێتی کراوە، سەبارەت بە دەنگدانی لایەنگرانمان بە کاندیدێک لە نەینەوا".
دوو شەممە، ١٠ تشڕینی دووەم ٢٠٢٥، دوای ئەوەی ئەمڕۆ میدیاکانی پارتی بڵاویان کردوە کۆمەڵ و یەکێتی ڕێککەوتون بۆ دەنگدان بە بەربژێرێکی ڕەیان کلدانی، مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتوە "پەنابردن بۆ ئەو جۆرە هەواڵانە جگە لە درۆ و بوختان هیچیتر نییە و هەوڵی لایەنی دەسەڵاتە تا گومان لای دەنگدەر دروست بکات لە بەرامبەر کۆمەڵی دادگەری".
لای خۆیەوە جەواد یاسین، ئەندامی مەکتەبی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی ڕایگەیاند "ئەو هەواڵە فەیکانەی بڵاو کراونەتەوە و ناوی منی تێدا هاتوە، ڕەتی دەکەمەوە و مافی یاسایشم دەپارێزم لە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست دژی هەموو ئەو کەناڵ و پەیجانەی ئەو هەواڵەیان بڵاو کردوەتەوە".
ئەمڕۆ ١٠ تشرینی دووەم، میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویان کردوە، کە لە قەزای بەردەڕەش کۆبونەوەیەک لە نێوان سکرتێری سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی و یەکێتی کراوە، تا لایەنگرانی کۆمەڵ دەنگ بدەن بە کاندیدی ڕەیان کلدانی لە پارێزگای نەینەوا.