ئەمڕۆ پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد، سەرکردەکانی هەرێم و عێراق وەک یەکەم کەسەکان ڕوو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن.
ئەمڕۆ ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان لە کاتژمێر ٧ی بەیانی لە قوتابخانەی "ڕەوشەن بەدرخان" لە شاری سلێمانی، دەنگی خۆی دا
بافڵ تاڵەبانیش لە لێدوانێکدا داوای لە هاوڵاتیان کرد کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و دەنگ بەو لایەنەبدەن کە ٢٢٢ کێشەتان بۆ چارەسەردەکات.
لەلای خۆشیەوە، لەگەڵ کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بنکەیەکی تایبەت لە هۆتێل رۆتانای شاری هەولێر لەگەڵ هەردوو کوڕەکەی دەنگیدا.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند'' هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەم رۆژەدا بە ئەرکی خۆیان هەستن و بەرەو سندووقەکانی دەنگدان بڕۆن و هیوادارین ئەم هەڵبژاردنە سەرەتای قۆناخێکی نوێ بێت بۆ عێراق."
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆن. لەم هەڵبژاردنەدا ٢٠ ملیۆن و ٤٠٤ هەزار و ٢٩١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لە هەشت هەزار و ٧٠٣ بنکە و ٣٩ هەزار و ٢٨٥ وێستگە دەنگ دەدەن، هاوکات زیاتر لە حەوت هەزار و ٧٤٣ کاندید کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٠ کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن.