وەزارەتی ناوخۆی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردۆتەوە و سوپاسی هاوڵاتیان و سەرجەم هێزە ئەمنیەکان و چاودێرەکان دەکات کە بەشداربوون لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن و داوایەک ئاراستەی هاوڵاتیان و بەربژێرە سەرکەوتوەکان دەکات.
سێ شەممە، ١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کۆتایهاتنی پرۆسەی دەنگدان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند " دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵاوە، ڕێگای مەدەنی بۆ دەربڕینی دڵخۆشیان بە سەرکەوتنی حزب و کاندیدەکانیان بگرنە بەر و دوور بکەونەوە لە هەر ڕێگایەکی مەترسیدار و ناشارستانی وەکو تەقەکردن و سەرکێشی هاتوچۆ".
ئەمڕۆ ١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، کە ٢٠ ملیۆن و ٦٣ هەزار و ٧٧٣ کەس لە عێراقدا مافی دەنگدانیان هەبوو.